دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

: بەڵگەنامە نهێنییەکان: پوتین بە بۆشی وتووە "بێگومان ئێران چەکی ئەتۆمیی دەوێت"

هەرێم نیوز 

بەڵگەنامە تازە بڵاوکراوەکانی ئەرشیفی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان ڤلادیمێر پوتین و جۆرج بۆش ئاشکرا دەکەن، کە تێیدا سەرۆکی ڕووسیا بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا ناوە کە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 12ی 2025، ئەرشیفی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنیی بڵاو کردەوە کە تایبەتن بە دیدار و پەیوەندییەکانی نێوان ڤلادیمێر پوتین و جۆرج دەبلیو بۆش لە ساڵانی 2001 و 2005، کە بەشێکی زۆریان تەرخان کراوە بۆ پرسی ئێران.

دیداری ساڵی 2001؛ دانپێدانانی ڕاشکاوانەی پوتین

بەپێی بەڵگەنامەکە، لە دیدارێکی 16ی 6ی 2001 لە سلۆڤینیا، پوتین زۆر بە ڕاشکاوی بە بۆشی وتووە: "کارمەند و شارەزا ئێرانییەکان پرسیاری زۆر ورد و هەستیار لە شارەزایانی ئێمە دەکەن؛ هیچ گومانێک نییە لەوەی کە ئەوان (ئێرانییەکان) خوازیاری دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمین."

پوتین لەو دیدارەدا جەختی کردووەتەوە: "بە تیمەکەی خۆمم وتووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە زانیارییە هەستیارانە بدەن بە ئێران و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای مووشەکیش بۆ تاران سنووردار دەکەم، چونکە کەسانێک هەن دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە پارە پەیدا بکەن."

هەر لەو دیدارەدا پوتین پرسیاری لە دەنگۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران کردووە، بەڵام بۆش و کۆندۆلیزا ڕایس (ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەوکات) ڕەتیان کردووەتەوە و بۆش وتوویەتی: "کۆنگرێس ئەوەی مەحاڵ کردووە."
دیداری ساڵی 2005؛ "پێویستمان بە توندڕەوی خاوەن چەکی ئەتۆمی نییە"

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دیکە کە تایبەتە بە کۆبوونەوەی 16ی 9ی 2005 لە کۆشکی سپی، تەرکیزی گفتوگۆکان لەسەر ڕێگریکردن بووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەک.
جۆرج بۆش بە توندی بە پوتینی وتووە: "ئێمە پێویستمان بە کەسانی ئایینیی توندڕەو نییە کە چەکی ئەتۆمییان هەبێت." بۆش باسی لەوەش کردووە کە بژاردەی سەربازی بژاردەیەکی خراپە، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی لەسەر مێز لاببرێت.
جیاوازیی تاکتیکی و یۆرانیۆمی پاکستانی

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە مۆسکۆ و واشنتن لەسەر ئامانجەکە هاوڕا بوون، بەڵام لەسەر شێوازەکە جیاواز بوون؛ ڕایس ئاماژەی بەوە داوە کە ڕووسیا پێی وابووە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە دۆسیەی ئێران ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت، چونکە پوتین ترسی هەبووە ئێران ڕێچکەی "کۆریای باکوور" بگرێتە بەر.

خاڵێکی دیکەی مەترسیدار لە بەڵگەنامەکاندا ئەوەیە، پوتین بە بۆشی وتووە: "بەپێی زانیارییەکان، یۆرانیۆمێک کە بە ڕەچەڵەک پاکستانییە، لەناو سانتریفیوجەکانی ئێراندا دۆزراوەتەوە." پوتین وتوویەتی پێی وایە ئێران بڕیاری خۆی داوە، بەڵام بەردەوامیی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەورووپا بە نیشانەیەکی ئەرێنی زانیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP