هەرێم نیوز
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لیستی جۆر و ژمارەی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات تاران پلانی هەیە ژمارەی موشەکەکانی بگەیەنێتە ٨٠٠٠ موشەک وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.
بەپێی خەمڵاندنە ئەمنییەکانی تەلئەبیب، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، لە ئێستادا ئێران تەنها نزیکەی ١٠٠٠ موشەکی لەبەردەستدا ماوە، هەر بۆیە تاران پڕۆسەی دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی جبەخانەکەی خێرا کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە موشەکەکانی (شهاب-٣، قدر ١١٠، عماد، خڕەمشار، و فەتح-١ی سەروو دەنگی) کردووە کە مەوداکانیان لە نێوان ١٣٠٠ بۆ ٢٥٠٠ کیلۆمەتردایە.
جگە لە بالیستی، ئێران خاوەنی موشەکی کروزی وردی وەک (سومار، حوێزە، و پاوە)یە کە مەودای هەندێکیان دەگاتە ٢٠٠٠ کیلۆمەتر و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی یان تەقەمەنی قورسیان هەیە.
موشەکە بالیستییەکانی ئێران تەنها ١٢ خولەکیان دەوێت تا دەگەنە ناو خاکی ئیسرائیل، ئەمەش وای کردووە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل داوای پێداچوونەوەی بەپەلە بە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیاندا بکەن.
ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری "هەوڵە خێراکانی" ئێران دەکات بۆ بازدان لە ١٠٠٠ موشەکەوە بۆ ٨٠٠٠، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ خولێکی تری شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.