دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: ئەگەر ئێران بەرنامە مووشەکییەکەی سنووردارنەکات هێرشکردنە سەریان حەتمی دەبێت

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکییەکان نەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی تاران، هێرشکردنە سەر ئێران "حەتمی و چاوەڕوانکراو" دەبێت. هۆشداریشی داوە کە مەترسیی ئەم مووشەکانە "زۆر جدییە".

ماڵپەڕی هەواڵیی "وای نێت"ی ئیسرائیلی لە زاری ئەم بەرپرسە بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەی داهاتووی خۆیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، زانیارییەکانی پەیوەست بەم هەڕەشەیە دەخاتە ڕوو و ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بێت دەستپێشخەری بکات.

ئەم بەرپرسە ڕوونیکردەوە کە هاویشتنی ژمارەیەکی زۆر موشەکی بالیستیکی ئێرانی بەرەو ئیسرائیل "دەتوانێت زیانگەلێک دروست بکات کە هاوتا بێت لەگەڵ کاریگەریی بۆمبێکی ئەتۆمی بچووک".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی زۆر موشەک بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بە سەدان موشەک بە شێوەی هاوکات، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی جەنگدا ڕێگری لە ئیسرائیل بکات.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "مەعاریڤ" بڵاویکردەوە کە سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوایین شت کە ئیسرائیل ئێستا بیەوێت ئەوەیە ئێرانییەکان وابیربکەنەوە کە ئیسرائیل بە نیازە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێرشیان بکاتە سەر، چونکە ئەمە ڕەنگە هانیان بدات بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە.

ناتانیاهۆ سێشەممەی ڕابردوو وتی ئیسرائیل "ئاگادارە" کە ئێران لەم دواییانەدا "مانۆڕی" ئەنجامداوە و جەختی کردەوە کە ئەم چالاکییانە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا تاوتوێ دەکات. هۆشداریشی دا کە هەر کارێکی ئێران بە وەڵامێکی "زۆر توند" ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی جووڵە مووشەکییەکان بەشێک بن لە هەوڵەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کۆگای مووشەکە بالیستییەکان دوای جەنگی ١٢ ڕۆژەی مانگی حوزەیران.

لێدوانەکانی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هاتن کە ڕاپۆرتەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە باسیان لە تاقیکردنەوە یان مانۆڕی موشەکی لە چەندین پارێزگا دەکرد، پێش ئەوەی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئەنجامدانی هەر مانۆڕێک ڕەت بکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئاژانسی هەواڵی "فارس" ڕاپۆرتێکی لەسەر بینینی دووکەڵی سپی بەهۆی مانۆڕی موشەکی لە چەندین ناوچە بڵاوکردەوە، هاوکات "کەناڵی یەک" ڕاپۆرتێکی پڕوپاگەندەیی دەربارەی هێرشەکانی مانگی حوزەیران پەخش کرد و هەڕەشەی "دۆزەخی موشەکی" لە ئیسرائیل کرد.

دووشەممەی ڕابردوو، ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بە ئەگەری دووبارە بە ئامانجگرتنەوەی ئێران کرد و وتی سوپا لە هەر شوێنێک پێویست بکات، لە بەرە نزیک و دوورەکان، هێرش دەکاتە سەر دوژمنانی ئیسرائیل. زەمیر جەختی کردەوە کە هەڵمەتەکە دژی ئێران لە دڵی "درێژترین و ئاڵۆزترین جەنگ"ی مێژووی ئیسرائیلدایە و تارانی تۆمەتبار کرد بە دابینکردنی دارایی و چەک بۆ ئەو لایەنانەی کە لە بەرە جیاوازەکانەوە گەمارۆی ئیسرائیلیان داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە تواناکانی دەریایی، زەمینی و مووشەکی ئێران "ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەک کە دوژمن بیسەپێنێت" و وتیشی بەشێکی زۆریان "هێشتا بەکارنەهێنراون".

ڕاپۆرتێک کە یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن "ئەکسیۆس"ەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئیسرائیل حکومەتی ترەمپیان ئاگادار کردووەتەوە کە جووڵە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر، هەرچەندە زانیارییە بەردەستەکان تا ئێستا تەنها جووڵەی هێزەکان لە ناوخۆی ئێران نیشان دەدەن.

خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل نیشانی دەدەن کە ئێران لە دوای جەنگی حوزەیرانەوە خاوەنی نزیکەی ١٥٠٠ مووشەکە، لە کاتێکدا پێشتر نزیکەی ٣٠٠٠ مووشەکی هەبووە، هەروەها ٢٠٠ سەکۆی هاویشتنی بۆ ماوەتەوە لە کۆی ئەو ٤٠٠ سەکۆیەی کە لەبەردەستیدا بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP