دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزرایەوە

هەرێم نیوز 

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش رایگەیاند، گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە باشووری قەزای شنگال دۆزراوەتەوە، بەڵام تائێستا دیار نییە چەند رووفاتی تێدایە.
 
حسێن قائیدی، راوێژکاری کاروباری ئێزدییان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 24-11-2025 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "گۆڕەکە پەرژین کراوە، بەڵام دیار نییە چەند رووفاتی تێدایە. دەبێ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق هەڵیبداتەوە و ئێمەش چاوەڕێی ئەوانین."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە ، تاوەکو ئێستا 94 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، کە 70 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
 
دڵشاد عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا، وتی: "لە دوای تەواوبوونی رێکارەکان، دادپزیشکیی نەینەوا پشکنین و ناسینەوە بۆ رووفاتەکان دەکات."
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران. بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 590 کەس رزگارکراون.
 
بە گوێرەی ئاماری ئەو نووسینگەیە، تاوەکو ئەمڕۆ تەرمی 274 کەس دۆزراوەتەوە، کە لەکاتی هێرشی داعشدا رفێندرابوون؛ 237 نێر و 37 مێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP