دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مه‌سرور بارزانى: هه‌موو لایه‌نه‌كان شاهێدیمان بۆ ده‌ده‌ن كه‌ ویستوومانه‌ زوو حكوومه‌ت پێكبهێنرێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆمان لەگەڵ چەند لایەنێکی براوەی هەڵبژاردن کردووە و هیوادارین بە زوویی حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت.

لەبارەی مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق وتی، پێشتریش ئاماژەمان پێکردووە کە مەرجی ئێمە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و پابەندبوونە پێوەی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: "پارتی لەگەڵ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی 10یەم نەبووە، بەپرسیارێتیی دواخستنەکە دەبێ لایەنەکانی دیکە لە ئەستۆی بگرن."، و هه‌موو لایه‌نه‌كان شاهێدى ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رزوو ویستوومانه‌ حكوومه‌ت پێكبهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا زووه‌ پارتى قسه‌ له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار بكات. له‌ پرسیارى ئه‌وه‌ى بۆچوونى پارتى له‌سه‌ر كاندیده‌كان چییه‌ و ئایا پارتى كاندیدى بۆ سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار ده‌بێت؟ مه‌سروور بارزانى گوتى، "دیار نییه‌ ئه‌و ناوانه‌ كێن كه‌ كاندید كراون، با بزانین كێن، ئه‌وجا بڕیارى خۆمان ده‌بێت و هێشتا زووه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌".

لەبارەی دۆخی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەسرور بارزانی هیوا و ئاواتی خۆی دەربڕی و وتی: "هیوادارین ئاشتییەکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە دی." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا تێدەپەڕێت، و داواکارییەک بوو بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە.

هەروەها، سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریی لایەنە کوردستانییەکان لە کۆڕبەندی مێپس، بەتایبەتی ئاماژەی بە بەشداریی هەردوو "ئەنەکەسە و پەیەدە" کرد و گوتی: "ئامادەبوونی ئەنەکەسە و پەیەدە لە مێپس مایەی خۆشحاڵییە." ئەمەش نیشانەی بایەخدانی هەرێمی کوردستانە بە یەکڕیزیی ماڵی کورد و گفتوگۆکردنی پرسە هاوبەشەکان لەسەر سەکۆیەکی نێودەوڵەتی.

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسرور بارزانی پەیامێکی گرنگی لە خۆ گرتبوو سەبارەت بە ویستی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی و هەرێمی، هاوکات دووپاتکەرەوەی ڕۆڵی هەرێمە وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP