هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی نێردەی تایبەتی وڵاتەکەیەوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنییەی دەکات کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، کە تێیدا پەیامی سەرکۆنەکردنی توندی دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بەگوێرەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی نێردەکەیەوە بەتایبەتی ئاماژەی بەو هێرشە درۆنییە کردووە کە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک و بە توندی سەرکۆنەی کردووە.
هەر لەو پەیامەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوسۆزیی سەرۆک ترەمپی کردووە بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
دەقی پەیامە بڵاوکراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت تۆم باراک پێگەیشت، کە پەیامی سەرکۆنەکردنی تووندی سەرۆک دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشی درۆن بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونم لە دهۆک گەیاند.
پێزانینم بۆ هاوسۆزیی سەرۆک ترەمپ، سەرەخۆشییەکانی بۆ بنەماڵەی شەهیدان، و بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.