دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

دوای ڕێککەوتنی ئاکپارتی و مەهەپە؛ پەرلەمان ئامادەکاری بۆ سەردانی ئیمراڵی دەکات

هەرێم نیوز

جموجۆڵێکی نوێ لەنێوان پارتی دەسەڵاتدار (AKP) و هاوپەیمانەکەی (MHP) دەستیپێکردووە بە مەبەستی رێکخستنی سەردانێکی فەرمی پەرلەمانتاران بۆ دورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.

لەوبارەیەوە سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ بەرپرسانی مەهەپە، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنە پەیوەندیدارەکەی پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئەو سەردانە بدات و وەک دەستپێشخەرییەکی نوێی "هاوپەیمانیی جمهور" پەسەندی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، فەتحی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانێکی میدیاییدا پشتیوانیی تەواوی حزبەکەی بۆ ئەم هەنگاوە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوان وەک هاوپەیمانیی دەسەڵات، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان (وەک دەبەپە)، بە ئەرێنی دەڕواننە سەردانەکە و پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی بڕیارەکە بە کۆدەنگی تێپەڕێنرێت.

بەپێی یاسای تورکیا، تەنها بڕیاری لیژنەی پەرلەمان بەس نییە بۆ چوونی پەرلەمانتار بۆ ئیمراڵی. دەسەڵاتی کۆتایی و رێپێدان لە دەستی وەزارەتی داد دایە. واتە پەرلەمان دەتوانێت "داواکاری" پێشکەش بکات یان بڕیاری سیاسی بدات، بەڵام جێبەجێکردنەکە پێویستی بە ئیمزای وەزیری داد (یەڵماز تونچ) هەیە.

دەوڵەت باخچەلی (سەرۆکی مەهەپە) پێشتر مەرجی دانابوو کە "ئەگەر گۆشەگیری هەڵگیرا، با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و قسە بکات". ئەم سەردانەی ئێستای لیژنەکە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو دەستپێشخەرییە.

پێشتر چەندین جار داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ سەردانی ئیمراڵی، بەڵام رەتکراوەتەوە. جیاوازیی ئەمجارە ئەوەیە کە "ئاکپارتی و مەهەپە" خۆیان دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە رەزامەندیی دەوڵەتی لەسەرە.

ڕۆژنامەنووسانی نزیک لە دەسەڵات (وەک عەبدولقادر سەلفی) ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سەردانە تەنها بۆ "بینین" نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە پەیامێکی نوێ لە ئۆجەلانەوە وەربگیرێت سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، وەک بەشێک لە پرۆسەی نوێی چارەسەر.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارە لە رێگەی لیژنەی مافەکانی مرۆڤەوە ئاڕاستەی وەزارەتی داد بکرێت، چونکە بەگوێرەی یاسا، وەزارەتی داد دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی هەیە لە پەسەندکردنی لیستی ناوی ئەو شاندەی دەچنە ئیمراڵی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP