هەرێم نیوز
سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریدا کە وڵاتەکەی لەوانەیە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدەست بدات ئەگەر پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا ڕەت بکاتەوە.
ڤلۆدیمیر زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ گەلی ئۆکرانیا وتی: "ئۆکرانیا لەوانەیە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی زۆر قورس ببێتەوە کە بریتییە لە 'لەدەستدانی شکۆ یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی'."
لەم ڕوانگەیەوە، زێلێنسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجامدا سەبارەت بە پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ڕوستەم ئەمیرۆڤ، دانوستانکاری باڵا و سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە کیێڤ "هیچ پلانێک کە لە هێڵە سوورەکانی بپەڕێتەوە قبوڵ ناکات."
لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ئۆکرانیا لە ژێر گوشارێکی زۆری واشنتۆندایە بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر ئەم پلانە پێشنیازکراوەی ئاشتی، ئەگینا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاگرتنی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتە هەواڵگری و چەکدارکردن دەبێتەوە.
یەکێک لەم سەرچاوانە ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا داوای لە کیێڤ کردووە تا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات.
چەندین سەرچاوە ئاشکرایشیان کردووە کە پلانی ئەمریکا لە ٢٨ بڕگەی سەرەکی پێکدێت و ناچاری ئۆکرانیا دەکات سازشێکی بەرچاو قبوڵ بکات، لە کاتێکدا کیێڤ پێشتر ڕەتیکردبووەوە تەنانەت بەشێک لە خاکەکەشی واز لێ بهێنێت.
بەپێی ئەم پلانە، پێویستە ئۆکرانیا دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکانی لۆهانسک و دۆنێتسک لە دۆنباسدا واز لێ بهێنێت و دان بە کریمەدا بنێت، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە لکێنرا بە ڕووسیاوە، وەکو خاکی دیفاکتۆی ڕووسیا.
ئەم پلانە پێویستی بەوەیە کە ئۆکرانیا دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ بوون بە ئەندامی "ناتۆ" ببێت، ڕەتیبکاتەوە هێزی نێودەوڵەتی لە خاکەکەیدا جێگیر بکرێت و لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گەندەڵییەکان کە بووە هۆی لەکارلابردنی دوو وەزیری ئۆکرانی، بڕگەیەک کە پەیوەندی بە پێداچوونەوەی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە هەبوو، لابراوە و گۆڕدراوە بۆ داواکاری "لێخۆشبوونی گشتی".