هەرێم نیوز
وەزارەتی جەنگی ئیسرائیل گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیای ڕافائیل واژۆ کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستمی بەرگری ئاسمانی "گومبەزی ئاسنین".
ئەم گرێبەستە بەشێکە لە پاکێجی یارمەتی سەربازیی ئەمریکا بە بڕی ٨.٧ ملیار دۆلار، کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا و ٥.٢ ملیار دۆلاری بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل تەرخان کراوە.
ئەم پارەیە جگە لە گومبەزی ئاسنین، سیستەمەکانی بەرگری بە لێزەری بەهێز کە لە قۆناغی پەرەپێداندان، دەگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا ١.٢ ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی سیستەمی لێزەری "تیرەی ئاسنین" تەرخان کردووە، کە لە کۆتایی پەرەپێداندایە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بخرێتە خزمەتەوە.
مەبەستی گرێبەستەکە خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی گومبەزی ئاسنین و دابینکردنی بڕێکی بەرچاو لێیە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی سوپای ئیسرائیل، بەتایبەتی دوای ئەو بڕە زۆرەی لە شەڕی ئێراندا بەکارهێنرا.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، گرێبەستەکەی بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی توانای بەرگری لە بەرامبەر دوژمناندا وەسف کردووە و بە بەڵگەیەک بۆ قووڵی و پتەویی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا داناوە.
ئەمیر بارام، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە هەوڵێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی کۆگاکان و ئامادەیی بۆ هەڕەشەکانی داهاتوو.
کۆمپانیای ڕافائیل جەختی لەسەر بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی گومبەزی ئاسنین بووەتە پێوەرێکی جیهانی بۆ سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی.
گومبەزی ئاسنین لە ئیسرائیل پەرەی پێدراوە و بە هاوکاری حکومەتی ئەمریکا بەرهەم دەهێنرێت و بۆ ڕێگەگرتن لە مووشەک و کاتیوشەکانی مەودای کورت و مامناوەند و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دیزاین کراوە، لەوەتەی لە ساڵی ٢٠١١ خراوەتە خزمەتەوە، ڕێژەیەکی سەرکەوتنی ٩٥%ی نیشان داوە.
ئەم گرێبەستە نوێیە نیشانەیەکە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ پتەوکردنی تۆڕی بەرگری ئاسمانیی چەند قۆناغی (multi-tiered air defense system) خۆی لە بەرامبەر هەڕەشە ناوچەییەکاندا، بە پشتیوانی دارایی و تەکنیکی بەردەوامی ئەمریکا.