هەرێم نیوز
دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی لە ئۆکرانیا کردووە کە دەبێت تا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتنی ئاشتی دۆناڵد ترامپ واژوو بکات، ئەگینا ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگیرێت.
هەندێک میدیا لەوانە ڕۆیتەرز و واشنتن پۆست لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە فشارەکانی واشنتن لەسەر ئۆکرانیا بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکانی سەرۆکی ئەمریکا زۆر زیاترە لە هەر هەوڵێکی پێشووتری دانوستان.
یەکێک لەم سەرچاوانە بە ڕۆیتەرزی وت: "ئەوان دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێنن و دەیانەوێت ئۆکرانیا باجەکەی بدات."
ڕۆژی پێنجشەممە، دانیێل دریسێرۆل، وەزیری سوپای ئەمریکا، کۆپییەکی لە پلانی ٢٨ ماددەیی، کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، لەم دواییەدا لەگەڵ نێردەی ڕووسیا داڕێژردرابوو، پێشکەشی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد.
پلانی ئاشتی ٢٨ ماددەیی ترەمپ بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی ڕووسیایە و خاکی زیاتر لە ئۆکرانیا دەداتە مۆسکۆ؛ زیاتر لەوەی ئێستا لە ژێر دەستیدایە، هەروەها گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ گرووپی حەوت لەخۆدەگرێت.
پێویستە بەڵگەنامەکە سەرەتا لەلایەن زیلینسکی و ترەمپەوە واژوو بکرێت و پاشان ئامادە بکرێت بۆ پێشکەشکردنی بە ڕووسەکان.
کرملین وتی، پلانی ئاشتی ترامپی پێنەگەیشتووە، بەڵام هۆشداریدا کە دەبێت زیلینسکی ئێستا دانوستان بکات.