هەرێم نیوز
بەپێی نوێترین زانیارییە هەواڵگری و میدیاییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا دەستی کردووە بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دۆخی ئامادەیی هێزەکانیدا.
هەردوو هێزی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە دۆخی "بەرگری"یەوە خەریکی گواستنەوەن بۆ "دۆخی هێرشبەری و جموجۆڵی سەربازیی چڕ لە ناوچە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێبینی کراوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، فەرماندە باڵاکانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە مانەوە لە دۆخی بەرگریدا زیانی گەورەی پێ گەیاندوون، بۆیە بڕیاری گۆڕینی دۆخەکەیان داوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە قسەکانی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی دەکەن کە دەڵێن "ئێران لە دۆخی ئاگربەستدا نییە" و دەبێت دەستپێشخەریی هێرشبردنی هەبێت.
ئامانجیان ئامادەکارییە بۆ قۆناغی داهاتووی پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل، کە تێیدا ئێران دەیەوێت گورزی توندتر و خێراتر بوەشێنێت پێش ئەوەی خۆی بکرێتە ئامانج.
ناوەندەکانی چاودێری جەنگ (ISW) و میدیا ئیسرائیلییەکان وردەکاری جووڵەکانیان لەم ناوچانە ئاشکرا کردووە:
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، محەمەد پاکپور، سەردانی "بنکەی ئۆپەراسیۆنی عاشورا"ی کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران. ئەم بنکەیە بەرپرسە لە پاراستنی سنورەکانی ئێران لەگەڵ تورکیا و هەرێمی کوردستان.
یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و یەکەکانی مووشەکی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (سنە، کرماشان، و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لە گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی نوێ دەکەن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاراستنیان لە هەر هێرشێکی ئاسمانی و ئامادەکاری بۆ هێرشکردن.
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆم لایەنێکی دیکەی ئاشکرا کردووە: لەگەڵ ئەوەی ئێران حاڵەتی هێرشبەری گرتووە، بەڵام ترسێکی گەورە لەناو سوپای پاسداران هەیە بەهۆی "دزەکردنی سیخوڕی"یەوە.
ئێران نیگەرانی سیخوڕە ناوخۆییەکانە و ئەم جووڵانەی ئێستا دەیکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی بۆ نمایشکردنی هێزە و بەشێکی دیکەی بۆ خۆڕێکخستنەوەیە دژی سیخوڕی ناوخۆیی.