هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی رایگەیاند، بارزانی و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و قۆناغی دوای هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی شەممە 22ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام بارزانی پێشوازی لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا کرد.
ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە، پێویستە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بخرێنە خزمەتی خەڵکی عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها بڕیار لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق درا.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لەلایەن هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا دەرچووە و میدیای (ئەلرابیعە) وەریگرتووە، ئاماژە بەوە کراوە: ئەنجوومەنی شوورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاری داوە، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزب، وەک کاندیدی فەرمیی حزبەکە، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کاندید بکات.