هەرێم نیوز
عەبدوڵڵا ئۆجالان دەڵێت پێویستە بەپەلە لەڕێگەی یاساوە ئاشتیی بچەسپێت و پڕۆسەی چارەسەریی تەنها کاریگەریی بۆ کورد نییە بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێی سودمەنددەبێت، دۆخێکی ناهەموار دەگۆڕێت بە هەموار.
عهبدوڵا ئۆجهلان له وتارێكدا بۆ کۆنفرانسی "شێوەدانی هاوبەش بە ژیان"، ڕایگهیاند، "ئەوانەی باوەڕیان وایە ئاشتی پڕۆسەیەکی بنیاتنانی کۆمەڵایەتییە و هەردەم پێویستی بە تەقەلا و پێداگرییە، لەم کۆبونەوەیەدا گردبونەتەوە، بۆیە لە دڵەوە سڵاوتان بۆ دەنێرم، ڕێکخراوی (QAD) کە بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەکات، هەوڵەکانی پەیوەست بە پرسی کورد و بەدیهێنان و پاراستنی ئاشتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئاشتی نەک تەنها بۆ کوردان، بۆ هەمو گەلانی هەرێمەکە هیوابەخش و بەنرخە، ئەم هەوڵە هاریکارییەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان گەلان، زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیانێکی شکۆمەند و ئاشتی دەڕەخسێنێت".
ئۆجهلان له پهیامهكهیدا دهڵێت، "پێویستە ئەم کاروچالاکییانە زەمینەی تەندروست بڕەخسێنێت کە ناسنامە و ئازار و خەونە جیاوازەکان بۆ داهاتو، لە ئاسۆیەکی ئاشتی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، ئاشتی لەهەمانکاتدا ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتییە کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و ڕێزگرتن لە یەکتر دەچەسپێنێت".
لهبارهی دۆخی توركیاوه، عهبدوڵا ئۆجهلان باسی لهوهكردوه، "ئەم قۆناغە مێژوییەی ئێستامان، کاریگەریی لەسەر چارەنوسی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کورد دەبێت، لەم کاتەدا دەرفەتێک لەئارادایە، وادەکات تێپەڕین لە پڕۆسەی نێگەتیڤەوە بەرەو پڕۆسەی گۆڕانی پۆزەتیڤ مومکین بێت؛ دەتوانرێت شەڕ و نادادی تێپەڕێنرێت. ئەم تێپەڕینە تەنها بژاردەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بەرئەنجامی ڕاستینە مێژویی و جیهانییەکانە".
وتیشی، "بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرێکی ڕاستەقینە، دەبێت سەرلەنوێ یاساکان دابڕێژرێنەوە و سیاسەتی دیموکراتیک بەدامەزراوەیی بکرێت، ئەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، لەم ڕوەوە، دەبێت ڕەفتاری میزاجییانە بەدوایی بێت، دەبێت پێوانە یاساییە گەردونییەکان و بڕیاری دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن".