دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پەکەکە کشاندنەوەی گەریلاکانی لە ناوچەی زاپ ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

پەکەکە وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دوای کشاندنەوەی هێزەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ ڕێگەگرتن لە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ سەربازانی تورکیا کشانەوەی گەریلاکانی لە ناوچەی زاپ لە قەزای ئامێدی باشووری کوردستان ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "لە 16ی ئه‌م مانگه‌، هێزەکانی گەریلا کە لە هەرێمی زاپ بون و مەترسی شەڕیان لەسەر بوو، کشاونەتەوە بۆ گۆڕەپانی جیاوازی گونجاو، لەو باوەڕەداین ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد، ئاشتی و دیموکراتیزەبونی تورکیا دەکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "لە ڕاگەیاندراوەکەی 26ی تشرینی یەکەمماندا کە بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندرا و 25 لەو گەریلایانەمان ئامادەبون کە لە سنورەکانی تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، دەستنیشانمان کردبو لە جێگە سەرسنورییەکان کە مەترسی شەڕی لەسەرە، ڕێوشوێنی خۆمان لەبەرانبەر شەڕ وەردەگرین. لەوکاتەوە لەسەر بنەمای ئەو کارانەی کە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان کردیان، لە هەرێمی زاپ گەیشتین بە ئەنجامێکی گرنگ".

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی تەڤگەری ئازادیی كوردستان بەمشێوەیەیە:

"لە بەیاننامەكەی 26ی تشرینی یەكەمماندا كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی ڕاگەیەنرا و بە ئامادەبوونی 25 گەریلامان، كە لە سنوورەكانی توركیاوە كشاونەتەوە بۆ هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا.

 ڕامان گەیاندووە كە لەو شوێنانەی مەترسیی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر.

 لەو كاتەوە بە پشتبەستن بەو كارانەی ئۆرگانەكانی پێوەندیدار ئەنجامیان داوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێكی گرنگ.

لە ئێوارەی 16ی تشرینی دووەم، هێزەكانمان لە هەرێمی زاپ كە مەترسی شەڕی تێدابوو، كشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەكان. لە دۆخی ئێستەدا مەترسیی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێكراودا بە تەواوی نەماوە.

دوای كشانەوەی هێزەكانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لە ناو سنوورەكانی توركیاوە، ئەم خۆگونجاندن و كشانەوەیە لە هەرێمی زاپ، بووەتە بەشدارییەكی كردەنیی گرنگ لە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەكە پێشان دەدات. لەو باوەڕەداین كە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەری پرسی كورد و ئاشتی و دیموكراتیزەكردنی توركیا دەكات.

ئەمەش لە کاتێکدایە،  دوای ئەوەی ئۆجەلان لە 27ی2ی2025 داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، پەکەکە لە 12ی5ی2025 بەدەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە هات، لە 11ی7ی2025 یەکەم گروپی گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و لە 26ی10ی2025ـیش بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان دا. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP