هەرێم نیوز
بەپێی ڕاگەیاندنی نووسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC)، 32 کەس و دامەزراوە کە بنکەکانیان لە ئێران، ئیمارات، تورکیا، چین، هۆنگ کۆنگ، هیندستان، ئەڵمانیا و ئۆکرانیایە، خرانە لیستی سزاکانەوە.
ئەم سزایانە بەهۆی تێوەگلان و چالاکییان لە تۆڕەکانی دابینکردنی پێداویستیی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
جێگری وەزیری گەنجینە بۆ کاروباری تیرۆر و زانیارییە داراییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێران لە سەرانسەری جیهان سیستەمی دارایی بەکار دەهێنێت بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی پێکهاتەکانی بەرنامەی ناوەکی و چەک، و پاڵپشتی کردنی گرووپەکانی سەر بەخۆی. بە فەرمانی سەرۆک ترامپ، ئێمە بەردەوام دەبین لە فشاری زۆرینە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی ناوکی ئێران."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کەس و کۆمپانیایانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، هەڕەشەن بۆ سەر گواستنەوەی بازرگانی لە دەریای سوور و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم جۆرە سزایانەی ئەمریکا بەشێکن لە ستراتیژی "زۆرترین فشار" کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەستی پێکرد و بە ئامانجی سنوردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێران و چالاکییەکانی لە ناوچەکە و بەرنامەی ناوکی جێبەجێ دەکرێن.
ئەو تۆڕانەی دەکرێنە ئامانج، زۆرجار بەشێوەی شاراوە و لە ڕێگەی کۆمپانیای پێشەوە (Front Companies) و وڵاتانی ترەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی ماددە و تەکنەلۆژیای دووانەیی (Dual-Use) کە دەکرێت بۆ پڕۆژەکانی مووشەک و درۆن بەکار بهێنرێن.
ئەم سزایانە بە شێوەیەکی گشتی ڕێگری دەکەن لەو تاک و دامەزراوانە کە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە بکەن یان پەیوەندییان بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوە هەبێت.