هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران ڕێگری لە حکومەتی ئێران کرد کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و سعودیەی خستە “پێگەیەکی زۆر باش”.
دۆناڵد ترەمپ ڕوونی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە فڕۆکەی جەنگی B-2 ئەنجام دراوە و فڕۆکەوانەکانی ئەرکەکەش پێش گەیشتنیان بە کۆشکی سپی باسیان لە ئامادەکاری درێژخایەنی خۆیان بۆ هێرشێکی لەو جۆرە کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گروپە فڕۆکەوانە ماوەی "22 ساڵە" مەشق و ڕاهێنانیان کردووە.
بە وتەی ترەمپ، فڕۆکەوانەکان پێیان وتبوو کە نەوەکانی پێشووی فڕۆکەوانەکانیش هەمان ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە، بەڵام "هیچ سەرۆکێک" پێش ئەو مۆڵەتی نەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مانۆڕە لە ساڵێکدا سێ جار ئەنجامدراوە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری مۆڵەتدان بە هێرشەکە بە "کارێکی دروست" دەزانێت و هەر بۆیەش فەرمانی بە ئۆپەراسیۆنەکە داوە.