هەرێم نیوز
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2025، پەیامێکی فەرمیی ئاراستەی گەلی عێراق کرد کە هاوکات بە زمانی کوردیش بڵاوکرایەوە، تیایدا پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد، کە ئەم هەنگاوەی بە قۆناغێکی چارەنووساز وەسف کرد بۆ برەودان بە دیموکراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا.
ساڤایا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە ئازادی و سەروەریی یاسا و دامەزراوە نیشتمانییەکان دووپات کردەوە.
نێردە تایبەتەکەی واشنتۆن ستایشی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی و حکومەتەکەی کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنە گرنگەکان لە کاتی خۆیدا و بە ئاسانی بەڕێوەچوون، و بە بڕوای ساڤایا، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی عێراق بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو خۆشگوزەرانی و سەروەریی زیاتر.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا، مارک ساڤایا، کە بە بازرگانێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک کلدانی-عێراقی ناسراوە، جەختی کردەوە وڵاتەکەی بە قووڵی پابەندە بە پشتگیریکردنی سەروەریی عێراق و هەوڵەکانی چاکسازیی نیشتمانی.
ئەم نێردە تایبەتە، کە یەکێکە لەو کەسانەی دۆناڵد ترەمپ متمانەی پێی هەیە، پشتگیریی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیا چەکدارەکان دووپات کردەوە، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی نوێی واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی هەرێمی لەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
ساڤایا ڕایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی عێراق بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی لە بواری ئاسایش و گەشەپێداندا و هاوکاریکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ تەواوی گەلی عێراق.
ئەم پەیامە دووپاتکردنەوەی خواستی ئەمریکایە بۆ بەردەوامیدان بە کاری پێکەوەیی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای پەیماننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و دوورکەوتنەوەی میلیشیاکانی ئێران لە حکومەت.