دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ بە فەرمی داوا ده‌كات فه‌رمانی لێخۆشبون بۆ نەتانیاهۆ ده‌ربكرێت

هەرێم نیوز 

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە نامەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای پێگەیشت، تیایدا داوای کرد بیر لە پێدانی لێخۆشبون بە بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکرێتەوە.

لە نامەکەی دۆناڵد ترەمپدا هاتوە، "لێخۆشبون لە نه‌ته‌نیاهۆ هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ یەکخستنی ئیسرائیل دوای چەندین ساڵ سەخت". زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە نه‌ته‌نیاهۆ "بەرگری لە ئیسرائیل کردوە لە بەرامبەر نەیارانی بەهێز و دۆسیەی دژی ئەو پاڵنەرێکی سیاسی و ناڕەوایە".

سەرۆکی ئەمریکا لە نامەکەدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئێستا کە حەماس خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەستکەوتی بێوێنە بەدەستهێنراو، کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بەو شەڕە یاساییە بهێنن و چانسی لێخۆشبون به‌ نەته‌نیاهۆ بدرێت.

لە وەڵامی نامەکەی ترەمپدا، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، "هەرکەسێک بیەوێت لێخۆشبونی هەبێت دەبێت داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بکات، وەک چۆن لە ئیسرائیلدا پراکتیزە دەکرێت".

لایخۆیەوە یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لەسەر پلاتفۆرمی "X" نوسیویەتی، "یاسای ئیسرائیل دیاریدەکات کە مەرجی یەکەم بۆ پێدانی لێخۆشبون دانپێدانانە بە تاوان و دەربڕینی پەشیمانی لە کارەکان".

لەبەرامبەردا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل داوای لە سەرۆک هێرزۆگ کرد کە نه‌ته‌نیاهۆ ببەخشێت و دەڵێت، "بە سەرۆک هێرزۆگ دەڵێین گوێ لە ترەمپ بگرن و لە دۆسیە هەڵبەستراوەکاندا نه‌ته‌نیاهۆ ببورن، چونکە ئەوە کارێکی دروستە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، تره‌مپ لە مانگی ڕابردودا لە وتارەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی کنێست داوای لە سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کردبو لە نه‌ته‌نیاهۆ خۆش ببێت، ئەو ڕۆژەی ئەو 20 بارمتە بە زیندووی ئازادکران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP