دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی خوێندنی باڵا دوو رۆژ پشووی راگەیاند

هەرێم نیوز 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا كە رۆژانى 9 و 10ـى ئەم مانگە لە ناوەندەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ خوێندکاران پشوى فەرمى دەبێت، بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی دەنگدان كە 11ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆى بەڕێوەچونى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە 11ـی ئەم مانگە و لەپێناو رەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ بەشدارىکردن لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها گەڕانەوەى خوێندکاران بۆ شوێنەکانیان بەمەبەستی بەشدارىکردن لە پرۆسەى دەنگدان، وەزیرى خوێندنى باڵا پشوى فەرمى بۆ خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕاگەیاند. 

ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژانى 9 و 10ـی ئەم مانگە لە ناوەندەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان (حکومى - تایبەت) بۆ خوێندکاران پشوى فەرمى دەبێت، هەروەها رۆژى 11ـی مانگیش بەهۆى بەڕێوەچونى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان لەسەرجەم دامودەزگاکان پشوى فەرمییە بە ناوەندەکانى خوێندنیشەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، "پشوەكە تەنها بۆ خوێندكارانە و رۆژى 12ـی مانگ دەوامى فەرمى لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە".

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی 11ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2025 به‌ڕێوه‌بچێت كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردنی داهاتو دەكەن و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن، ئەوە جگە لەوەی كۆمسیۆن ژمارەیەكیانی بەهۆكاری جیاجیا دورخستەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP