هەرێم نیوز
لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیربکرێن بەتۆمەتی دزینی دوو ماتۆڕسکیل لەناوشاری هەڵەبجە لەڕۆژانی بەڕێوەچونی فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیر بکرێن بە تۆمەتی دزینی دوو ماتۆڕسکیل لە نێو شاری هەڵەبجە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سکاڵایان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمار کرد کە ماتۆڕسکیلەکانیان دزراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستی پێ کرد.
پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، بەهۆی لێکۆڵینەوەکانەوە توانرا سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. د. ئ) تەمەن 16 ساڵ، (ه. ه. ئ) تەمەن 16 ساڵ، و (ی. س. خ) تەمەن 17 ساڵ بە بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتبارەکان دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. لە ئێستادا بەپێی ماددەی 446ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.