هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ سەربازان و ئاوارەکان سبەینێ یەکشەممە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەکات و زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دەنگدەر بەشداری تیادا دەکەن.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: دەنگدانی تایبەت سبەینێ یەکشەممە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەکات و تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی دەنگدەرە سەربازییەکان کە مافی بەشدارییان هەیە، یەک ملیۆن و 313 هەزار و 890 کەسە.
غەلای ڕوونیشیکردەوە، 809 بنکەی دەنگدان و 4501 وێستگەی دەنگدان تەرخانکراون بۆ دەنگدەرە سەربازییەکان.
سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت بە ئاوارەکان، وتەبێژی کۆمسیۆن وتی: 26 هەزار و 538 دەنگدەری ئاوارە بەشداری دەکەن و 27 بنکەی دەنگدان و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئەوان دابینکراون پرۆسەی دەنگدانی ئاوارەکانیش هەمان کاتژمێر و لە هەمان ڕۆژدا دەستپێدەکات و کۆتایی دێت.
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 599 وێستگەی دەنگدان هەیە، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:
هەولێر: دوو هەزار و 23 وێستگەی دەنگدان، بەسەر 528 بنكەی دەنگدان دابەش بوون.
سلێمانی: دوو هەزار و 200 وێستگەی دەنگدان هەیە، بەسەر 506 بنكە دابەش بوون.
دهۆك: هەزار و 396 وێستگەی دەنگدان هەیە، بەسەر 278 بنكە دابەش بوون.
سبەی دەنگدانی تایبەت لە 204 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچیت کە 958 وێستگەیان لەخۆگرتووە.
هەولێر: 79 بنکە کە دەکاتە 385 وێستگە.
سلێمانی: 82 بنکە کە دەکاتە 378 وێستگە.
دهۆک: 43 بنکە کە دەکاتە 195 وێستگە.
لە 11ی 11ی 2025 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆی 46 ملیۆن کەس نزیکەی 30 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها نزیکەی حەوت ملیۆن کەس کارتی دەنگدانیان نوێ نەکردووەتەوە بۆیە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.