دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: تورکیا یاسایەک بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە ئامادە دەکات

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، پەرلەمانی تورکیا دەستیکردوە بە داڕشتنی یاسایەک کە ڕێگە بە هەزاران گەریلا و هاوڵاتی مەدەنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات لە حەشارگەکانیان لە باکوری عێراق بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن.

بەرپرسێکی باڵا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەیەکی ناو پارتێکی سیاسی کوردی لە تورکیا بە ڕۆیتەزیان ڕاگەیاندوە، یاسا پێشنیازکراوەکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبوردنی گشتی ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە لەلایەن چەکدارانی پێشوەوە ئەنجامدراون. هەروەها بەگوێرەی ئەو پلانانە، دەکرێت هەندێک لە سەرکردەكانی گەریلا بنێردرێن بۆ وڵاتانی سێیەم.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، پڕۆژەیاساکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبووردنی گشتی بۆ ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە ئەندامانی پێشووی پەکەکە ئەنجامیان داون. چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاساکە لەم مانگەدا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.

لە قۆناغی یەکەمدا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی هەزار کەس بگەڕێنەوە، ئەویش ئەو ئەندامانەن بەشدارییان لە کاری چەکداریدا نەکردووە.

 لیژنەیەکی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، ئەرکی ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی بۆ تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی پەکەکە لە ئەستۆ گرتووە. یاسای "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" چوار پۆلێنی جیاواز بۆ گەڕاوەکان دەکات: دۆخی ئەندامانی تێوەگلاو لە تاوان، ئەندامانی تێوەنەگلاو، بەرپرسانی ڕێکخراوەکە و فەرماندەرەکان.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆسەیەکی ئاشتی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن، ململانێیەک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 40 هەزار کەس.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد. 

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت. لە وەڵامدا، پەکەکە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

 هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوانە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە بە "ئەرێنی و مێژوویی" وەسف کران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP