هەرێم نیوز
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و سبەیش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
بەیانی ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ماوەی "بێدەنگی هەڵبژاردن" لە سەرانسەری وڵات چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش رۆژێك پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی.
لەم ماوەیەدا قەدەغە كراوە قەوارە سیاسییەکان و لایەنەکان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدەکانیان بکەن تاوەکو هەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بە تەواوی كۆتاییان دێت، پێشتر كۆمسیۆن رایگەیاندبوو، هەر لایەن و كاندیدێك لەم ماوەيەدا بانگەشە بكات بەپێی قەبارەی سەرپێچییەكەی سزا دەدرێت، كە رەنگە بگاتە ئاستى دوورخستنەوەی لە كێبڕكێی هەڵبژارن.
سبەینێ یەکشەممە دەنگدانی تایبەت کە هێزە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دەست پێدەکات، رۆژی سێشەممەی داهاتووش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
نزیکەی ٣٠ ملیۆن عێراقی لە کۆی ٤٦ ملیۆنی دانیشتوان مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی نوێدا، بەڵام نزیکەی حەوت ملیۆن کەس ناتوانن بەشداری بکەن، بەهۆی نوێنەكردنەوەی زانیارییەكانیان.
حەوت هەزار و ٧٦٨ کاندید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رکابەری دەکەن، کە پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٢٤٨یان ژنن، تەنها نزیکەی ٢١ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام بۆ پەرلەمانی داهاتوو.