شیکاریی-
_ سیروان عوبەید
ڕۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چەند مانگی ڕابردوو چووە ناو گێژاوێکی نوێ و ستراتیژی قووڵەوە، کە تێیدا بڕیارێکی سەرەتایی کنێستی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە وڵاتەکە درا. ئەو ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی جەی دی ڤانس، جێگرەکەی دۆناڵد تڕەمپ، بۆ ئیسڕائیل، کە بەگوێرەی ئەوەی لە میدیادا باسکراوە” مەبەستی سەردانەکەی ناوبراو بەهێزکردنی ئاگربەستی غەززە بوو". هەروەها، لێدوانی ناتانیاهۆ لەگەڵ ڤانس، لەبارەی جەختکردنەوە لەسەر ئەو گوتەیە: " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین"، هەموو ئەمانە دەکرێ دوبارە ببنە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نادڵنیایی سیاسی و ئەمنی لەناوچەکەدا.
بەتایبەت کە ئەم ڕووداوانە تێکەڵەیەکن لە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی، بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆیی، و ستراتیژییەتی گەورەی هەرێمی لەخۆدەگرن، و دەکرێ کاریگەری قووڵیان لەسەر داهاتووی چارەسەری دوو دەوڵەتی، پێگەی فەڵەستین، و پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و جیهانی عەرەبیدا هەبێت.
بەپلەی یەکەم، بڕیاری لکاندن: پێکدادانی ئایدیۆلۆژیا و پڕاگماتیزمی سیاسی؛
پەسەندکردنی سەرەتایی پڕۆژە یاسای لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا (یەهودا و سامیرە) لەلایەن کنێستەوە، تەنها ڕووداوێکی یاسایی نییە، بەڵکو پێکدادانی گەورەی ئایدیۆلۆژیای ڕاستڕەوی توندڕەو و پڕاگماتیزمی سیاسییە لە ئیسرائیلدا.
پاڵنەری قووڵ و سیاسی بۆ ئەم ڕووداوە بریتییە لە: پایەی ئایدیۆلۆژی (The Ideological Imperative): مەبەستی سەرەکی ئەم بڕیارە، کە لەلایەن پارتە توندڕەوەکانی ناو کابینەکەی ناتانیاهۆ پاڵپشتی دەکرێت، بریتییە لە چەسپاندنی باوەڕی "زەوی ئیسرائیلی گەورە" و بەردەوامی پڕۆژەی سەهیۆنیزمی ئاینی. کە بەپێی تەوڕات، ئەمە بەخاکی خۆیان دەزانن" ئەمەش دیدگایەکە کە ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی لە بنچینەیی ڕەتدەکاتەوە و هەوڵی دروستکردنی واقیعێکی تەواوکراو (Facts on the Ground) دەدات کە مەحاڵی سیاسی بۆ گەڕانەوەی خاکەکە دروست دەکات.
لەلایەکی ترەوە، مانەوەی کابینە و سیاسەتی ناوخۆیی (The Political Survival Mechanism): ئەم هەنگاوە، سەرەڕای مەترسییە دیبلۆماسییەکانی، دەکرێت وەک "باجێکی مانەوەی سیاسی بدرێت بە هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانی ناتانیاهۆ. لە کاتێکدا ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی گەورەترین ڕەخنەی ناوخۆیی بووەتەوە، بەهۆی کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، هەروەها نەرمی نواندن لەبەرامبەر بڕیارەکانی تڕەمپ لەبارەی غەززەوە" پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە، لایەنی توندڕەو ڕازی دەکات و دەکرێت متمانە بە کابینەکەی ببەخشێتەوە.
خۆ ئەگەر کەمێک قووڵتر باسی ستراتیژی ولێکەوتەی ئەو بڕیار و ڕووداوانە بکەین کە دەکرێ لە ستراتیژدا چیان لێ شین بێت بۆ فەلەستنییەکان:
دەکرێ ئەو ڕووداوە نوێیانە کە پێش هەمووشتێک ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە چارەسەری دوو دەوڵەتی (The Two-State Solution’s Demise): لکاندنی فەرمی، بە شێوەیەکی بنچینەیی، هەرچەندە بڕیارەکەی کنێست پڕۆسەیەکە وهێشتا سەرەتاییە و پێویستی بە تێپەڕاندنی دوو جاری ترهەیە بۆ جێبەجێکردنی لەلایەنی حکومەتەوە. لەکاتێکدا بڕیارەکەی کنێست بە یەک دەنگی بەڵێ ، لەپێش دەنگی نەخێرەوە تێپەڕی. بەڵام ئەگەرلەداهاتوودا دوو قۆناغی تر بچێتە پێشەوە، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەش بەیەکجاری کۆتایی بە بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەهێنێت.
لەلایەکیتر، ئەوهەنگاوەی کنێست، دەکرێ ببێتە هۆی بەجۆرێک لە بەهێزبوونەوەی حەماس، بەتایبەت باڵی توندڕەوی ناو حەماس ڕەنگە ئەمە وەک پاساوێک بەکاربێنن، بۆ ڕەتکردنەوە و پێشێلکردنی ئاگربەست، بە بیانووی ئەوەی ئیسڕائیل نیازی داگیرکاری هەموو فەڵەستینی هەیە."
لانیکەم بۆ ئەوەی خۆیان لەبڕیاری چەکدانان بدزنەوە، لەکاتێکدا تڕەمپ و ناتانیاهۆ جەخت لەسەر چەکدانانی حەماس و غەززەیەکی بێ حەماس دەکەنەوە.
هەروەها، ئەمە دەسەڵاتی فەڵەستینی زیاتر لاواز دەکات و متمانەی گەلی فەڵەستین بە ڕێگەچارەی دیبلۆماسی زیاتر کەم دەکاتەوە، کە ئەگەری پەرەسەندنی توندوتیژی زیاتر و دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ و بەهێز دەکات کە کەس نازانێ چەندی تر دەخایەنێت و ئەنجامەکانی بەتەواوی چی دەبن.
دەرئەنجامی بڕیارەکە بۆ ئیسڕائیل:
تەنانەت بۆ حکومەتی ئیسڕائیلیش میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئاڵۆز قوڕس دەبێت.
ڕوونتر بڵێم، ئەگەرئیسڕائیل ئەو بڕیارە لەئێستادا جێبەجێ بکات، دەبێ ڕووبەڕووی دۆخێکی نا ئەمنی، و نادیموکراتیەتی بێتەوە، بەوپێیەی لکاندنی خاک پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، کە جگە گوشار و کاردانەوە دەرەکییەکان، لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا، واتە بە زیادکردنی ژمارەیەکی گەورەی فەڵەستینییەکانەوە، ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆز و قووڵەوە. لێرەدا یان دەبێت مافی هاووڵاتیبوون بەو خەڵکانە بدات (کە هەڕەشە لە بنەمای "دەوڵەتی جوولەکە" دەکەن) یانیش بیانکاتە هاوڵاتی پلە دوو بۆ ماوەیەکی نادیار، ئەمەیە کە ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی نادیموکراتییەوە.
جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەکی تر دەکرێ ببێتە گۆشەگی هەرێمی بۆ ئیسڕائل،
ئەگەرئەو بڕیارە لەئێستادا - بچێتە قۆناغی پڕاکتیکییەوە، دەکرێت ئیسڕائیل ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی زیاتر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتیش بۆسەر ئیسڕائیل.
بەتایبەت لەسەر ئاستی هەرێمی دا، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەئێستادا دەبێتە زەبرێکی کوشندە لە پڕۆسەی ڕێکەوتنی ئیبراهیمی" ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی میانڕەو، وەک سعودیە و ئیمارات. بەدیوێکی تر، ئەگەر ئەم هەنگاوە لەئێستادا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەکرێت ببێتە کارتێکی بەهێزیش بۆ ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ قۆستنەوەی ئەمە وەک هەلێک بە ئامانجی بەهێزکردنەوەی کاریگەری خۆیان و هەڵمەتەکانیان لەناوچەکەدا.
کەمێک زیاتر ورد دەبینەوە لەسەر سەردانەکەی جەی دی ڤانس و ئامانجەکە وەک: پڕاگماتیزمی ترەمپ و ئاڵۆزی دیبلۆماسی ..
بەوپێیەی سەردانەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل لەم کاتەدا، خوێندنەوەیەکی وردی دیبلۆماسی و تیۆرییانەی دەوێت، بەتایبەتی لەژێر چەتری سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
ئەگەر تەنیا لەڕوانگەی مەبەستی تیۆری و ستراتیژی سەیری سەردانەکەی ڤانس بکەین، دەکرێ واقیعخوازی (Realism) و کۆنترۆڵی زیانەکان تەماشا بکەین. لە ڕوانگەی تیۆری واقیعخوازی، سەردانەکەی ڤانس هەوڵێکە بۆ بەکارهێنانی هێزی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەقامگیرییەکی دیاریکراو لە ناوچەکەدا بەکوردیەکەی (کۆنترۆڵکردنی زیانەکان)ە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا نەخرێتە بازنەی مەترسییەوە. لە ڕووی دەرەوەش ئامانجی جێبەجێکردنی ڕاگەیاندراوی پلانە ٢٠ خاڵییەکەی ترەمپە، بەڵام ئامانجی قووڵتر دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئاگربەستەکە بەردەوام بێت بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانی تر.
"گوشار لەسەر ناتانیاهۆ و هێڵی سووری ئەمەریکا: لێدوانەکانی ڤانس لەبارەی "بیری فراوانخوازی" و لکاندنی خاک وەک هێڵی سوور نیشانەی دیبلۆماسی ڕوونن بۆ کابینەی ناتانیاهۆ. دەکرێت ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە ئەمریکا لەم قۆناغەدا نایەوێت ڕێککەوتنە ناسکەکەی غەززە و پڕۆژەی ستراتیژی گەورەتری ئاساییکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تێک بچێت، کە بەسەختی کاری بۆ کردووە و بەرهەمی پڕاگماتیزمی ترەمپە."
ئەو پێشهاتەی بڕیارەکەی کنێست، کە هاوکاتی سەردانەکەی ڤانس بوو، ئاماژەیە بۆ چەند شتێکی تریش..بڕیارەکە لەو کاتەدا وەک تانەدانێکی ناوخۆیی لە دیبلۆماسییەتی ئەمریکاش لێکدەدرێتەوە.
دەکرێ ئەمە وەک پەیامێکی ئیسرائیل بێت بۆ- ئەمەریکا؛ کە ئەوە لە لێدوانەکەی ناتانیاهۆ سەبارەت ڕەتکردنەوەی ناوزەدکردنی ئیسرائیل بە "دەوڵەتێکی گوێڕایەڵی ئەمەریکا" (وابەستە بە واشنتۆن) بەدیکرا، وەک کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەرامبەر بە گوشارەکانی ڤانس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە جەختکردنەوەیەکە لەسەر بنەمای فەلسەفەی سەربەخۆیی بڕیاری ئیسرائیل لە کاتی قەیراندا.
ئایا تاچەند دەکرێ ئەمە پلانگێڕی بێت؟
ڕۆڵی تڕەمپنیزم، لەنێوان ئەو پێشهات و ڕووداوانەدا دەکرێ چی بێت؟
تڕەمپنیزم، کە لەجەوهەری خۆیدا پڕەنسیپی یەکەمی سودە" دەکرێ ستراتیژی ترەمپ و پرسی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە ئیسڕائیلەوە، نیشانەیەک بێت بۆ ئەگەری پیلانگێڕی یان ئاڵۆزی
پڕاگماتیزمی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، کە پرسیارێکی قووڵ لەبارەی نیەتی ڕاستەقینەی ئاگربەستی غەززە لەسەرەتاوە دروست دەکات.
بەو پێیەی ئەگەر لە ڕوانگەی تیۆری پڕاگماتیزمی تڕەمپ، و سوودی یەکەمی ئەمریکا لێی بڕووانین کە: سیاسەتی ترەمپ لەسەر بنەمای پڕەنسیپی سوودی یەکەمی ئەمریکا (America First Pragmatism) دامەزراوە. ئەمە دەگەیەنێت کە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بە پلەی یەکەم، دەکرێت هەر لەبنەڕەتدا ئامرازێک بووبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو.
لەناویشیدا، ئازادکردنی بارمتەکان وەک ئامانجی سەرەکی قۆناغی یەکەم؛ ئەگەر ئەوەش ڕاست بێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئامانجی سەرەکی پلانی سەرەتایی ترەمپ تەنها ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بووبێت. هەرچەندە لەڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە خراپ تەماشا بکرێت، بەڵام لەپێوەرەی تڕەمپدا، ئەوە عەقڵانی و گونجاوە کە سود و دەستکەوتە. بەبێ ئەوەی پرسیارە لەوە بکرێت تاچەند دەستکەوتەکان ئەخلاقین. بۆیە ئەمە دەتوانێت بۆ تڕەمپ دەستکەوتێکی عەقڵانی بێت کە لایەک سەرکەوتنێکی گەورەی سیاسی بۆ ترەمپ مسۆگەر دەکات و قۆناغی دواتر (چەکدانانی حەماس) بۆ کاتێکی تر دوابخات یان بە جۆرێکی دیکە جێبەجێی بکات. ئەگەر ئەمە وەک، "پیلانگێڕییەکی ستراتیژی" سەیر بکرێت. دەستکەوت و ڕێگە عەقڵانیەکە بۆ تڕەمپ ئەوەیە کە: ترەمپ بارمتەکانی ئازادکردوە و دواتر، بە بیانووی پابەند نەبوونی حەماس بە چەکدانان، ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات جەنگەکە دەست پێ بکاتەوە یان بژاردەی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بکاتە واقیعێکی ڕاست و سەپێندراو.
لەپاڵ ئەمانەدا، خوێندنەوەیەکی بۆ ئەوئاڵۆزیە نوێیە ئەوەیە کە زۆر لەگەڵ شێوازی ترەمپ دەگونجێت، بریتییە لەوەی ستراتیژییەکە لەسەر بنەمای دروستکردنی گێژاوی دیبلۆماسی و گوشاری لەناکاوی توند (وەک هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ لکاندن) دامەزراوە، بۆ ئەوەی هەردوو لایەن ناچار بە ڕێککەوتن بن کە پڕاگماتیزمی ئەمریکا دەیەوێت یان بەوجۆرەی لەبەرژەوەندی خۆی دایە.
لەبارەی، جەختکردنەوە لەسەر گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
لێدوانەکەی ناتانیاهۆ سەبارەت بە "گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و ناوچەکە، دەکرێ ئاماژەیەک بێت بۆ ستراتیژییەکی یەکگرتووی هەرێمی کە ئیسرائیل و ئیدارەی ترەمپ پێکەوە کاری لەسەر دەکەن.
جەختکردنەوەی بێنجامین لەوکاتەدا، لەسەر "گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" جگە لەوەی پەیامێکی ستراتیژییە، دەرخەری پڕۆسەیەکی بەردەوامیشە، ئەو پەیامە نیشانیدەدات کە ئسڕائیل خاوەن بڕیاری خۆیەتی، و جگە لە بەرەنگاربوونەوەی حەماس، هێشتا بەردەوامە لە دژایەتی ولێدانی بەرەی مقاوەمەی ئێران (The Anti-Iran Axis): بە واتایەکی تر، گۆڕانکارییەکە تەنها لە سنووری فەڵەستین -ئیسرائیل دا نییە، بەڵکو هێشتا میحوەری سەرەکی دژایەتیکردنی میحوەری بەرگری سەر بە ئێرانە.
ئامانجێکی تر ئەوەیە: لاوازکردنی ئێران بۆ- سەقامگیری ئیسرائیل، بەتایبەت لەکاتێکدا کە گوشارە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی عێراق و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران لەناوچەکە زیاتر بووە، ئەوەش بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیژی "گۆڕینەکەی بێنجامین". ئامانج دابینکردنی سەقامگیرییەکی درێژخایەنە بۆ ئیسرائیل بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات.
هەرچۆنێک بێت، میحوەری ستراتیژی و قەیرانە قووڵەکان و ئەم ڕووداوانە، لە ڕاستیدا چەند لایەنێکی یەگرتوویی یەک ستراتیژی گەورە نیشان دەدەن کە لەسەر دوو میحوەری سەرەکی دەخولێتەوە: میحوەری ناوخۆیی (ئیسرائیل-فەڵەستین) ، هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمڕانی حەماس و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر کەرتی ڕۆژئاودا. میحوەری هەرێمی (ئێران-ئیسرائیل): بەکارهێنانی قەیرانی غەززە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لاوازکردنی زیاتری کاریگەری ناوچەیی ئێران.