هەرێم نیوز
ڕێگەوبان: هۆکارێک بۆ پێشخستنى کەرتە جیاوازەکان و کەمکردنەوەى مەترسییەکان
لەم بەشەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر یەکێکى دیکە لە چاکسازیی و پرۆژە ستراتیژییەکانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە ماوەکانى رابردودا ئەنجامی داوە و بەشێکیشیان لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن و لە ئێستاوە هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ کراوە ، ئەویش رێگەوبانە.
شرۆڤەکاران رایان وایە رێگەوبانى باش و ستاندارد و گونجاو یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانى حوکمڕانى باش و لە هەمانکاتیشدا هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ پێشخستنى کەرتەکانى دیکەى وەک گەشتیاریی، کشتوکاڵ، پیشەسازیی، تەندروستى، ژینگە و لە هەمان کاتیشدا بەختەوەریی و خۆشگوزەرانى لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، جێگەى ئاماژەیە کەمبوونەوەى روداوەکانى هاتووچۆ و کەمبوونەوەى ژمارەى قوربانییەکان نیشاندەرى ئەو راستییەن کە خزمەتگوزارییەکانى ڕێگەوبان کاریگەرییەکی گەورەى هەبووە.
شارەزایان باس لەوە دەکەن لە ماوەکانى پێشوودا روداوەکانى هاتووچۆ کە بە -تیرۆری سپی- ناوى دەرکردبوو، زیانەکانى ئێجگار گەورە بوون، بەڵام بە هۆی ئەو کارانەى کە کابینەى نۆیەم ئەنجامیداوە بە شێوەیەکی نزیک لە نەمان روداوەکان بە تەواوەتى کەمبوونەتەوە و کەرتەکانى تریش بە رێژەیەکی زۆر باش بوژاونەتەوە.
پرۆژە تەواوکراوەکان:
بەگوێرەی راپۆرتەکانى فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان پرۆژە تەواوکراوەکانى بوارى رێگەوبان لە سەردەمی کابینەى نۆیەمدا لە سەرتاسەرى کوردستان 718 پرۆژە بووە و دوو هەزار و 618 کیلۆمەتر رێگەوبان چاککراوە و بە گوژمەى ترلیۆنێک و 300 ملیۆن دینار، لەو پرۆژانە 271 یان بەر پارێزگاى هەولێر و 395 یان بۆ سلێمانى و 127 پرۆژەشیان بۆ پارێزگاى دهۆک و 40 پرۆژەى بۆ پارێزگاى هەڵەبجە و 102 پرۆژە بۆ ئیدارەى سەربەخۆی سۆران و 69 یان بۆ ئیدارەى گەرمیان و 97 یش بۆ ئیدارەى راپەڕین و 13 پرۆژەش بۆ ئیدارە نوێیەکەى زاخۆ بووە.
ئەو پرۆژانەى لەجێبەجێکردندان:
هەر لە بوارى رێگەوباندا 401 پرۆژە بە گوژمەى سێ ترلیۆن و 28 ملیۆن دینار لە کاتى کارکردندایە کە دەکاتە نزیکەى 2500 کیلۆمەتر رێگەوبان، کە بەشێکیان نوێن و بەشێکی دیکەشیان نۆژەن دەکرێنەوەو هەندێکی دیکەیان بۆیان زیاد دەکرێت.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لەم پرۆژانەشدا سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەبەرچاو گیراون .
ئەو پرۆژانەى دەکەونە سنوورى شارەوانییەکان:
ئەو شەقام و رێگەوبانانەى دەکەونە سنوورى شارەوانییەکان لە کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا بایەخی تایبەتیان پێدراوە، بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى شارەوانى ژمارەی شەقام و پردەکانى نێو شارەوانییەکان 2 هەزار و 168 پرۆژەیە و گوژمەى دوو ترلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، نەک هەر رێگەو بان بەڵکو ئاووئاوەڕۆ، گەشت و گوزار و شوێنەواریش لەنێو پرۆژەى شارەوانییەکاندا بایەخی تایبەتیان پێدراوە چونکە لە بەشێک لە پرۆژەکاندا بوونەتە پاکێجێک و جیاکردنەوەیان جۆرێکە لە ئەستەمی، لە بوارى ئاوەڕۆدا دوو هەزار و 956 پرۆژە بە گوژمەى دووترلیۆن و 200 ملیۆن دینار و گەشت و گوزار 142 پرۆژە بە گوژمەى 49 ملیار و شوێنەوارەکانیش 15 پرۆژە بە گوژمەى 665 ملیۆن دینار خراونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
شارەوانییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر 2 هەزارو 519 پرۆژە بە گوژمەى 2 ترلیۆن و 77 ملیۆن دینار، سلێمانى 772 پرۆژە بە گوژمەى یەک ترلیۆن و 43 ملیۆن دینار، دهۆک 1450 پرۆژە بە گوژمەى 608 ملیار دینار، هەڵەبجە 94 پرۆژە بە گوژمەى 106 ملیار دینار و ئیدارەکانیش بەم شێوەیە بوون، گەرمیان 167 پرۆژە، راپەڕین 212 پرۆژە، سۆران 144 پرۆژە و ئیدارەى زاخۆش 91 پرۆژە.
لەبوارى ئەندازەی هاتووچۆشدا ئەم پرۆژانە ئەنجام دراون، 59 پرد و ژێرپردی پەڕینەوە، 45 پەرژینى ئاسنین بۆ رێگە و شەقامەکان، 883 کیلۆمەتر هێڵکاریی شەقامەکان، 296 شوێنى پەڕینەوەى هاووڵاتییان، 1500 بەربەستى کەمکردنەوەى خێرایی، 16 هەزار هێماى هاتووچۆ.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کۆی ئەم پرۆژانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کەرتە جۆراوجۆرەکانى تریش بوژاونەتەوەو کاریگەریی دوور مەودایان هەیە لەسەر بوژاندنەوەى هەرێمى کوردستان.