دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای ئیسرائیل: حەماس هێشتا 20 هەزار هێزی چەکدار و سەدان مووشەکی مەودای مامناوەندی لەبەردەستدایە

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بزووتنەوەی حەماس هێشتا 20 هەزار هێزی چەکدار و سەدان موشەکی هەیە، کە هەندێکیان مەودای مامناوەندیان هەیە و دەتوانن بگەنە ناوەڕاستی ئیسرائیل. لە هەمان کاتدا پەرلەمانی ئیسرائیل هێڵکارییە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای سەپاندنی سەروەری خۆی بەسەر کەناری ڕۆژئاوا پەسەند کرد.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حەماس زیاتر لە 10 هەزار چەکی قورسیشی هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەرچەندە ئەو گروپە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردووی جەنگدا بەشێوەیەکی توند لاواز بووە، بەڵام هێشتا زیاتر لە نیوەی ئەو تونێلانەی کە پێشتر هەیبوو، لەبەردەستیاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لیوا و کەتیبەکانی وەک یەکەکانی سەر بە لیوای ڕەفەح کە لەلایەن ئۆپەراسیۆنە زەمینییە بەرفراوانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، نزیکەی 60%ی چەکەکانیان لەدەستداوە و ئێستا ڕووبەڕووی کەمییەکی زۆری ئازووقە بوونەتەوە.

بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حەماس هێشتا خاوەنی زیاتر لە ١٠ هەزار چەکی قورسە، لەوانە موشەک و هاوەن و ئامێری دژە زرێپۆش.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی فەرماندە سەربازییە باڵاکانی حەماس کە پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەرۆکایەتی دامەزراوە سەربازییەکەی گرووپەکە بوون، کوژراون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨٠ فەرماندە کوژراون. زۆرێک لەوانەی کوژراون جێگرەوەیان هەبووە، بەڵام زۆربەیان هێزی بێ ئەزموون و پلە نزمن کە توانای فەرماندەکانی پێشوویان نییە.

هەروەها ڕاپۆرتەکەی کەناڵی 12 دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل زیانی زۆری بە ژێرخانی سەربازیی حەماس گەیاندووە و زیاتر لە نیوەی تێکچووە. بەڵام تۆڕی تونێلەکانی ژێر زەوی وەک گرنگترین قەڵای گروپەکە دەمێنێتەوە و لانیکەم نیوەی تونێلەکان هێشتا چالاکن.

بەپێی ئەم خەمڵاندنە، یەکەی نوخبەی حەماس کە فەرماندەیی هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی کردووە، زیانێکی زۆریشی بەرکەوتووە. زیاتر لە نیوەی هێزەکانی یەکینەکە لەناوچوون و حەماس تەنها توانیویەتی چەند سەد دامەزراوێکی نوێ وەربگرێت، بەڵام ئەو هێزانە مەشق و ڕاهێنانێکی سنوورداریان وەرگرتووە و کەمتر ئامادەی شەڕن.

بە گشتی ئیسرائیل مەزەندە دەکات کە نزیکەی ٢٠ هەزار هێزی چەکدار لە ڕیزەکانی حەماسدا چالاکن و پێکهاتەی سەربازیی ئەو گرووپە هەرچەندە لە پێشوو لاوازترە، بەڵام هێشتا بە تەواوی نەڕووخاوە.

پلانی کەرتی ڕۆژئاوا

پلانی سەروەری کەناری ڕۆژئاوا ڕۆژی چوارشەممە خوێندنەوەی یەکەمی خۆی بە ٢٥ دەنگی بەرامبەر بە ٢٤ دەنگ لە پەرلەمانی ئیسرائیل پەسەند کرد.

ئەو پلانەی ئیسرائیل دەکرێت هەنگاوێکی فەرمی بێت بۆ لکاندنی تەواوەتی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین ئەگەر لە سێ خولی دیکەی دەنگداندا تێپەڕێت.

لە وەڵامی ئەم پێشهاتانەدا، ڕۆلاند فریدریچ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) لە ئوردن، هۆشداریدا لەوەی کە فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا "رێگا بۆ لکاندنی فەرمی کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە خۆشدەکات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP