هەرێم نیوز
لە بەیاننامەیەکدا ، "بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی" ڕایدەگەیەنێت، کە وەک هەنگاوێکی نوێی کرداری بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، دەستیان کردووە بە کشانەوەی ئەو هێزانەیان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا کە "لەبەردەم ئەگەری مەترسیی پێکداداندان." بەگوێرەی بەیاننامەکە، کشانەوەکە بەرەو "هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا"(هەرێمی کوردستان) دەبێت و بەشێک لەو هێزانەی کە گەیشتوونەتەوە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئامادە بوون.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، پێویستە یاسای راگوزەری تایبەت بە پەكەكە بە بنچینە وەربگیرێت، بۆ بەشداریكردن لە سیاسەتی دیموكراتییانەش دەستبەجێ یاساكانی پێوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتیك دەربكرێن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە قەندیل، بەیاننامەی هەنگاوە مێژووییەكە لەلایەن سەبری ئۆك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە، هەروەها بێژین دەرسیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤرین پالو فەرماندەی فەرمانداری هەپەگە بە بەشداریی 25 گەریلا خوێنرایەوە.
پارتی كرێكارانی كوردستان– پەكەكە ئەمڕۆ یەكشەمە، رایگەیاند لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی "تەواوی هێز"ـەكانیان لە توركیا دەكشێننەوە و ئەمەش وەك نیازپاكییەك بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.
دەقی بەیاننامەكە:
بۆ ڕای گشتی
دوای گەیشتنی شەڕ و پێكدادانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاستی مەترسی زۆر رژدی لەسەر ئایندەی كورد و توركیا، ساڵی ڕابردوو لەسەر بانگەوازییەكانی سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی و پاشان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، پرۆسەیەك دەستی پێ كرد و ئەم پرۆسەیەش كە بە بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك".
ئێمەی لایەنی كورد لەلایەن خۆمانەوە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، لەسەر بنچینەی بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك هەنگاوی گەورەی مێژووییمان نا. دوابەدوای بانگەوازییەكە و لە ڕۆژی یەكـی ئاداردا بە ئامانجی بەرقەراركردنی زەوینەیەكی ئارام و ئاسوودە بۆ گفتوگۆكردن ئاگربەستمان ڕاگەیاند.
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان بە ڕێبازی گونجاو ئاراستەی پێشان دا و لەسەر ئەو بنەمایەش پەكەكە لە ڕۆژانی پێنجی حەوتـی ئایاردا، 12ـیەمین كۆنگرەی خۆی ساز دا و بڕیارمان دا بە كۆتاهێنان بە هەبوونی ڕێكخراوەیی پەكەكە و ستراتیجی تێكۆشانی چەكداری، ئەو بڕیارەشمان لەسەر زیاد كرد كە تەنیا بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆیانەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەتوانرێت پراكتیزە بكرێن.
دوای دوو مانگ و لە 11ـی تەمووزدا، دوای بانگەوازی بەدیمەنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە لە 30 كەس پێكهاتبوو و بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە بەسێ هۆزات، لە رێوڕەسمێكدا چەكەكانیان سووتاند و بە ڕوونی و كرداریی هەڵوێست و بە بڕیارداریمانەوە لە كۆتاهێنان بە تێكۆشانی چەكداری سەلماند.
ئەم هەنگاوە مێژووییانەی لایەنی كورد كە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و پەكەكە ئەنجامی دان، كاریگەرییەكی قووڵی لە كەشوهەوای سیاسی و كۆمەڵایەتی توركیا كرد و گیان و ئیرادەیەكی نوێی لە بواری ئاشتی و دیموكراتیزەبووندا خستەڕوو. ئەم هەڵوێستە بوێرانە و فیداكارانەیەی كورد كە هەمیشە لایەنگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووە، بەشێوەیەكی گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیاش پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا.
سەرەڕای هەڵوێستە ناتەواوەكانی لایەنی بەرانبەر، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان بە ئامانجی وەلاوەنانی هەموو ئەو مەترسییە سەختانەی بەرۆكی كورد و توركیای گرتووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بناغەی ژیانی ئازادی، دیموكراتیك و برایەتی سەدەی داهاتوو دابنرێت، پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی بە قۆناغی دووەم بگەیەنرێت، لە هەوڵی هەنگاوی نوێی كرداریدایە.
لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر بنچینەی بەرنامە و بڕیارەكانی كۆنگرەی 12 و بە دەستووری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، دەستمان كرد بە هەنگاوی كشانەوەی ئەو هێزانەمان لە توركیا لە بەردەم ئەگەری مەترسی پێكداداندان و زەوینە لەبارن بۆ ڕوودانی ئەگەری نەخوازراو.
كشانەوەكە لە ناوچە سنوورییەكانی توركیاوە بەرەو هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا دەكرێت، بەشێك لەو گرووپانەی گەیشتوون بە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، ئێستە لێرە ئامادەن و بەشدارن لەم كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات لەو سەنگەرانەی ناوچە سنوورییەكانیشدا كە ئەگەری پێكدانان و هەر ئەگەرێكی نەخوازراویان لەسەرە، ڕێوشوێنی هاوشێوە و سازەندانە گیراونەتەبەر.
بێگومان كردار دەبێتە پێشاندەری ئاستی كاریگەری ئەم هەنگاوانەمان. بەڵام ئەم هەنگاوە كردارییانەشمان جارێكی تر بەبڕیاربوون و هەڵوێستی ڕوونمان لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەی 12 دەسەلمێنێت.
زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە ئێمە پابەندین بە بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ـوە و بە بڕیاریشین لە جێبەجێكردنی دا. بەڵام بۆ جێبەجێكردنیان پێویستە دەستبەجێ ئەو هەنگاوە یاسایی و سیاسییانەی پرۆسەكە بنرێن كە مەرجی بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ـی پەكەكە بوون. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە یاسای ڕاگوزەری تایبەت بە پەكەكە بە بنچینە وەربگیرێت و بۆ بەشداریكردن لە سیاسەتی دیموكراتییانەش دەستبەجێ یاساكانی پێوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتی دەربكرێن.
بانگەوازییەكەمان بۆ تێكڕای گەلەكەمانە بەتایبەتیش ژنان و گەنجان. ڕۆژ ڕۆژی چاوەڕوانیكردن نییە، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوەییە بۆ بەدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. بۆیە هەر كەسێك خۆی لەم ژیانەدا دەبینێتەوە، پێویستە لە ئاستی هەڵمەتی سەرانسەریدا بۆ سەركەوتنی "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی" تێبكۆشێت.
مانیفێستی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک مسۆگهر سهردهكهوێت.
٢٦/١٠/٢٠٢٥
بهڕێوهبهرایهتی تهڤگهری ئازادیی”