دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی هەرێم 40 هاوڵاتیی دەستگیرکراوی لە لیبیاوە گەڕاندەوە کوردستان

هەرێم نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان، 40 هاونیشتمانی کە لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کرابوون گەڕاندەوە ئامێزی کەسوکاریان. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 40 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی بە شێوەی نایاسایی ڕێگەی هەندەرانیان گرتە بەر، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کران و دوچاری ڕێگەیەکی سەخت و دژوار بوونەوە، لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێكاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان گیرایە بەر و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، 26 تشرینی یەکەمی 2025، گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئاماژەی بەوەش کردووە دوای گەیشتنەوەی ئەم هاووڵاتییانە بە خاكی هەرێمی كوردستان، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیمی پزیشکی و هاوکاری، لەگەڵ ئازادکراوان بوون و پشکنینی پێویستی پزیشکییان بۆ ئەنجام درا. دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، تەواوی گەنجە ئازادکراوەکان گەڕێندرانەوە لای كەسوكاریان.

ئەو کۆچبەرانە کە بە نیازبوون لە کەناراوەکانی لیبیاوە بە دەریای ناوەڕاستدا خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، لە لایەن دەسەڵاتی لیبیاوە دەستبەسەر کران و زیاتر لە دوو مانگ لە بەندیخانەکانی ئەم وڵاتە زیندانی بوون.

لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەشێکی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، خەڵکی لە ڕێگەی وڵاتی لیبیا و بەشێوەی کۆچی نایاسایی هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن، ئەو ڕێگەیەش مەترسیدارە و کۆچبەران دووچاری دەستگیرکردن و دەیان مەترسی دیکە دەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP