هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبا هەواڵی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی لەبارەی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری ڕەت کردەوە و بە چەواشەکاری و یاریکردن بە هەستی هاووڵاتییان ناوی برد. وەزارەتەکە ڕایگەیاند، پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی دەبەن دژی ئەو کەناڵانەی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا، هەواڵێکی یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی لەبارەی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە ڕەت کردەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت و تا کۆتاییی ساڵی 2026 هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، یاریکردنە بە هەست و سۆزی هاووڵاتییان".
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی کارەبا هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە: "وەزارەتی کارەبا بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە دادگا سکاڵا دژی ئەو کەناڵانە تۆمار بکات کە هەواڵی ناڕاست و دوور لە بنەماکانی ڕاگەیاندن بڵاو دەکەنەوە".