دواین هەواڵ

کلتور‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

كاریگەری ستایلی ئێرانی بەسەر فیلم و درامای كوردی

  پێگەی  سینەمای  ئێرانی  لەهەموو  جیهاندا پێگەیەكی  دیارو بەرچاوەو  ئێستا ڕكابەری لەگەڵ زلهێزترین بەرهەم هێنەرانی سینەما دەكات  لەجیهاندا.
ڕاستە كە ئەمریكاو ئەوروپا خاوەنی تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوون لەسینەمادا، بەڵام  ناتوانن وەك  ئێران  ئەو ڕۆڵە بونیاتنەرە  ببینن كە پێویستە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، لە ڕووی  ئایدۆلۆژیا، پەروەردە، كۆمەڵایەتی،كولتوور ..
كورد لەئێراندا  بۆتە پارچەیەك لەواقیعی سینەمادا، ئەو پێشكەوتنەی  بەر ئێران دەكەوێت، هەمان پێشكەوتن  كوردەكانیش  دەگرێتەوە، چونكە ئەوانیش بەشدارن لەو پێشكەوتنە،  بەڵام كۆمەڵێ‌ هەلو مەرجی سیاسی ، ئابووری،  وایان  كردووە كوردەكان  مخابن  نەتوانن  وێڕای  ئەو هەموو  دەسەڵاتە  زۆرەی  لە هونەری  سینەمادا  هەیانە ، وەك پێویست  ببن  بەخاوەنی سینەمایەكی  تایبەت  بەخۆیان  بەناوی سینەمای كوردی، بەڵكو   زۆرینەی بەرهەمەكانیان  فارسین، بە دەگمەن  نەبێت .
  تێكەڵ  بوونی  كوردەكان لەگەڵ هەژموونی سینەمای  ئێرانی، هەمیشە ڕێگا خۆشكەر بووە  بۆ سوود وەرگرتن لەو هەژموونە زەبەللاحەی ئێرانیەكان هەیانە، لە بارەی سینەماو ڕەهەندەكانی سینەما،  بەتایبەت لە ڕووی پیشەگەری سینەماو  دروست بوونی  كادیری سینەمایی پێشكەوتوو، لە بواری نووسینی سیناریۆ، دەرهێنان، كامیرەمانی، ڕووناكی، موزیك، نواندن و تێكڕای ڕەهەندە هونەریەكانی تر.
ئەو هونەرەی كوردەكان لەگەڵ سینەمای   ئێرانی   فێری دەبن، لەئەنجامدا  بۆ خزمەتی سینەمای ئێرانی تەوزیف دەكرێن.
ئەوەتا كوردەكان لەچەندین  فیستیڤاڵی جیهانیدا خەڵاتی گەورە وەر دەگرن، بەڵام بەناوی هونەرمەندی كورد نا، بەناوی سینەمای ئێرانی.
بۆیە كوردەكان لەهەر كوێیەك كار بكەن  وەك  دەرهێنەر، سیناریست، ئەكتەر، وێنەگر، یا هەر ڕەهەندێكی تر،  بە شێوەیەكی  سروشتی  هەمان مۆرك و ستایل و فۆرمی سینەمای  ئێرانیان  هەگرتووە و لێیان جیا نابێتەوە، 
ئەوان دەتوانن بابەتی كوردی، ئەتمۆسفیری كوردی، كولتووری كوردی بۆ سینەمای كوردی تەوزیف بكەن، بەڵام بە هونەرو توانست و كارامەیی ئێرانی .
بۆیە   زۆر  لەو  فیلمانەی  دەرهێنەرانی كورد  لە كوردستانی باشووردا  بە هاوكاری  ستافی  هونەری ئێرانی بەرهەمی دێنن، مۆركی  ستایلی فیلمی ئێرانیان  پێوە دیارە . 
بەرهەم هێنەرانی  فیلم  لە كوردستاندا، لەئەنجامی  ئەو قەیرانەی لەبواری  كادیری خاوەن ئەزموون لەبواری پیشەسازی سینەمادا  ڕوو بەڕوویان دەبێتەوە، پەنا دەبەنە بەر كادیرە ئێرانیەكان ، بە تایبەت لەوێنەگرتن ، دەنگ , موزیك ، مۆنتاژ و هەموو ئەو كارە ڕەگەزیانەی لە پرۆسەی دروست كردنی فیلمسازی دا گرنگن .
بۆیە ئێستا  زۆرێك لەو دراماو فیلمانەی لەكوردستاندا ناوی لێ دەندرێت درامای كوردی، یا سینەمای كوردی، لەكۆمپانیای  بازرگانی بە قۆنتەرات دەگیرین، بۆ دروست كردنی دراما، یا فیلم، تەنیا ئەو بەرهەمانە لەسەر كورد هەژمار دەكرێن، كە بەهەموو  دەست كورتی و نەداری  خۆیانەوە  بەكادیری كورد بەرهەم دەهێندرێن
ئەوڕۆ كوردستان پرسی سینەما  وەك پرسێكی بازرگانی دەبینێ، ئێستا  وەك جاران  بەرهەمهێنانی دراماو فیلم چەق بەستوو  نیە بەیارمەتی وەزارەت و حكومەت، بەڵكو گەیشتۆتە ئاستێك كەسانی پارەدار فیلم بەرهەم دێنن، ئەو بەرهەم هێنەرانە پرسی نیشتمانی  و نەتەوەیی  بەگرنگتر نازانن لە پرسی بازرگانی، بۆ  قازانجی خۆیان  بەدوای  باشترین ئەو فاكتەرانە دا دەگڕێن، كە باشترین داهات بە دەست دێنێ، لەوانەش بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردەكانی ئێران ، كە لە ئاستێكی بەرزی ناوداریەتین لە سینەماداو خاوەنی چەندین خەڵاتی گرانبەهان .
بەمە هەم دەتوانین بۆشاییەكی گەورە لە بواری گرفتی ئەكتەری سینەمایی خاوەن ئەزموون  پڕ كەنەوە، هەم بە بەشداری ئەو ئەكتەرانە ئاستی فیلمەكان بەرز دەكەنەوە لە بازاڕدا.
گرنگتر لەوە ئەوەیە  زۆر جاران سینەما دەبێتە خاڵی بە یەك گەیشتنی ئەكتەرەكان لە دەوری فیلمێكدا، كە هەر ئەكتەرەو لە پارچەیەكی كوردستاندا  بێت ، بەئامانجی دروست كردنی داهێنانێكی هاوبەشی سینەمایەكی یەكگرتوو لە ژێر شوناسێكی كوردستانی .
بەڵام وێڕای ئەو چەند خاڵە ئەرێنیەی كارە هاوبەشەكان لە گەڵ ستافە ئێرانیەكان و بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردە خاوەن ئەزموونەكان ، ئەم حالەتە دەبێتە كێشە بۆ دراماو سینەمای كوردی,
كێشەكە لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ كە ئەم پرۆسەیەی پشت بەستن بە ستافی ئێرانی دەبێتە تەقلیدێكی گشتی و دیاردەیەكی خەتەرناك بۆ ئایندەی دراماو سینەمای كوردی.
چونكە تا ستافی ئامادەكراو هەبێت لە دەرەوەی كوردستان هاوردە بكرێن ، كەس هەوڵی دروست كردنی ئەو ستافە هونەریانە نادا و بۆشاییەكانی دراماو سینەمای كوردی هەر وەك خۆیان دەمێننەوە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP