هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس دەستبەرداری دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی غەززە نەبێت، ڕووبەڕووی "لەناوچوونی تەواوەتی" دەبێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە وەستاندنی بۆردومانی غەززە، پاڵپشتی پلانەکەی ئەمریکا دەکات، وتی: بەڵێ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕازییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات بەم نزیکانە بزانێت ئایا حەماس بەڕاستی پابەندە بە ئاشتیەوە یان نا.
لە هەمان کاتدا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئێمە لە ئێستادا لە نزیکترین کاتتداین بۆ ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پرۆسەیە ناتوانێت چەند هەفتەیەک و تەنانەت چەند ڕۆژێکیش بخایەنێت، لەسەدا ٩٠ی ئەم پرۆسەیە کۆتایی هاتووە و ئێمە لە ئێستادا تەنیا سەرقاڵی بەشە لۆجستییەکانییەکانی کارەکەین، هیوادارم ئەم ڕێککەوتنە زۆر بە زوویی و سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆتایی پێبێت.