هەرێم نیوز
هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی رۆژی 5ی 8ی 2025ی لیژنەی باڵای ئارامیی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ لە پارێزگای سلێمانیدا، پەیوەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، داوا لە هەموولایەک دەکەین پابەندی ئەم خاڵانە بن:
1- پێویستە هەموولایەک پابەندی یاساو بڕیارو ڕێنمایی و ڕێساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بن.
2- پێویستە هەموو کاندیدو قەوارەو هاوپەیمانێتییەکان و هەوادارو پشتیوانەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژیی و بەریەککەوتن، بە پاراستنی تەواوی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن.
3- هەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا قەدەغەن.
4- کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل، کە ببنە مایەی تێکدانی هاتووچۆی گشتیی و گرتنی ڕێگاو شەقامەکان، قەدەغەن.
5- داوا لە هەموولایەک دەکەین لە هەر رووداو و دۆخێکی نەخوازراودا، پەنا بۆ دادگاو بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و دامەزراوە فەرمییەکان ببەن و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەو هێرش و تۆڵەکردنەوەیەکی کەسیی و کۆیی، خۆیان بەدوور بگرن.
6- پابەندی تەواوی رێنمایی و ڕێکارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و شارەوانیی یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بن.
7- پێویستە هەموو فەرمانگاکانی حکومەت، هاوکار بن لە فەراهەمکردنی زەمینەیەکی یاسایی هاوبەش و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ جیاوازیی، نابێت هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە فەرمانگە حکومییەکاندا بکرێت, نابێت هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی ماڵیی و دارایی و شوێنێکی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت.