هەرێم نیوز
هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند: وێنە و پۆستەری کاندیدان و پارتەکان لەو جێگاو شوێنانە دانەنێن کە دەبێتە هۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ و گڵۆپی ترافیک لایتەکان، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئاگاداری لایەنە سیاسیەکان و کاندیدە بەڕێزەکان دەکەینەوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، وێنە و پۆستەری کاندیدان و پارتەکان لەو جێگاو شوێنانە دانەنێن کە دەبێتە هۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ و گڵۆپی ترافیک لایتەکان، هەروەها پۆستەر لە سەر شۆستە و لە بەرامبەر هێڵەکانی پەڕینەوە دانەنێن کە ئاستەنگی هاتووچۆیی دروست ئەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر پابەند نەبن بە ڕێنماییەکانەوە بە پێچەوانەوە داوای یاسایی لە سەر لایەنی سەرپێچیکار تۆمار دەکەین و پۆستەرەکانیان لێ دەکرێنەوە.