دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆسیالیست: بچینە پەرلەمانی عێراق بە کوردی قسە دەکەین

هەرێم نیوز 

وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، 23 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە و لە ئەگەری سەرکەوتنیان، لەوێ تەنیا بە کوردی قسە دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی 10ی 2025 د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "کاتێک دەڵێین عێراقی نین بە کردەوەش دەیسەلمێنین، ئێمە کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتین بۆ پەرلەمان نە خۆم و نە بەربژێرەکانی دیکەمان هیچمان ئامادەنین بە عەرەبی قسە بکەین".
 
وتیشی: "دەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرگێڕی راستەخۆ بۆ زمانی کوردی دابنرێت، دەستوور ئەو مافەی بە کورد داوە، بەڵام بەداخەوە لە رابردوودا پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو مافەیان بەکارنەهێناوە".
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات و یەک کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە حکومەتیش وەزیرێکیان هەیە.
 
فەرهاد تۆفیق کە هاوکات سەرۆکایەتیی لیستی حیزبەکەی دەکات لە بازنەی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "مادەی چواری دەستووری عێراق روونی کردووەتەوە، زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبییە نەوەکو یەکەم و دووەم، بۆیە کورد مافی خۆیەتی داوا بکات تابلۆکانی رێنمایی هاتووچۆ لە بەسرە کوردییان لەسەربێت".
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت و سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە دەستپێدەکات.
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 23 بەربژێری لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، دهۆک و دیالە هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP