دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لاڤرۆڤ: پشتیوانی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەین

هەرێم نیوز 

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "خۆشحاڵین کورد و دەسەڵاتدارانی ناوەندی، گفتوگۆ بەرەو پێش دەبەن و پشتیوانی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەین".
 
سێگری لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کورد و عەرەبی عێراق دەتوانن لەگەڵ یەکدی مامەڵە بکەن."
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا وتیشی، "بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە پەیوەندیداین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات، لە رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنەوە دەستیپێکرد.

وردەکاریی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون لە قۆناغی یەکەمدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەکار بهێنرێت.
 
لە ئاداری ساڵى 2023ەوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.
 

 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP