دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری پێشمەرگە: دڵنیابووینەوە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ١ی ئەیلولی ٢٠٢٥ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری کرد. 

دەشڵێت: وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کۆڵۆنێڵ دێک، پیرۆزبایی ئاراستە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نوسینگەی هاریکاری ئاسایشی، بۆ خواست. 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە.

لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا، دڵنیابووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن.

کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بە سەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی دڵخۆشی خۆیی دەربڕی و رایگەیاند: بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP