هەرێم نیوز
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، قۆناغی دوەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە ماوەی دو مانگی داهاتودا تەواو دەبێت و ژمارەیەك گوند و گەڕەكی نێوان هەردو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لێی سودمەند دەبن. پاشان قۆتاغێی سێیەمی پڕۆژەكە دەسپێدەكات كە بەتەوابونی پڕۆژەكە تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات.
ئومێد خۆشناو، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كارەكانی قۆناغی دوەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ماوەی دو مانگی داهاتودا تەواو دەبن و دەست بە قۆناغی سێیەم دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گەڕەك و گوندانەی لە قۆناغی دوەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر سودمەند دەبن، لە نێوان هەردو شەقامی 120 مەتری و 150 مەترین و بریتین لە؛ عەنكاوە، 32ـی پارك، كورانی عەنكاوە، بەحركە، گردجوتیار و سێبەردان و چەندان گەڕەك و گوندی دیكە.
بەگوێرەی ڕایگەیەندراوەكە، بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك قۆناغی یەكەمی تەواو كرا.
ئەوەشیخستەڕو، تێچوی پڕۆژەكە 480 ملیۆن دۆلارە و لە كاتژمێرێكدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات. پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاك لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بو، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دو بەرانبەری ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات.