هەرێم نیوز
میدیای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، چەند ئەفسەرێكی ئێران لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كراونەتە ئامانج و گومان دەكرێت ئەمەریكا هێرشەكەی كردبێ. گەرچی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئاژانسێكی ئێرانی تەواوی زانیارییەكان رەت دەكەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگۆی كوشتنی ئەفسەرێك یان چەند ئەفسەرێكی ئێرانی لە عێراق بڵاو كراوەتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەن، رووداوەكە لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا بووە، كاتێك درۆنێك ئۆتۆمبێلێكی كردووەتە ئامانج، ئەفسەرێك یان دوو ئەفسەری ئێرانیی تێدا بووە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە ، "سەرچاوە عێراقییەكان دەڵێن هێرشەكە ئەمەریكی بووە". كەچی ماڵپەڕی تەسنیمی ئێرانی تەواو زانیارییەكان رەت دەكاتەوە.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە راگەیەنراوێكدا نكۆڵی لە زانیارییەكان دەكات و رایگەیاند، "بارودۆخی تەناهیی پایتەخت سەلامەت و جێگیرە و هیچ رووداوێكی لەم جۆرە بڵاو نەكراوەتەوە".