هەرێم نیوز
درەنگانێكی شەوی رابردوو شاندێكی هەرێم گەیشتووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی میکانیزمی خەرجکردنی موچەو هەماهەنگیکردنی رێکارە داراییەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنە شەش وەزیرییەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبنەوە.
شەوی رابردوو شاندێكی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و هەشت بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی، سەردانی بەغدای كرد.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، بڕیارە سبەی ئەمڕۆ شاندێكی ئەوان لەگەڵ شاندەكەی حكوومەتی هەرێم كۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەی پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی بگەنە رێككەوتن، بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی كۆتایی رێككەوتنەكە لەبارەی داهاتی نانەوتی و رەشنووسەكە بدەنە سەرۆك وەزیرانی عێراق، تا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی شەش بدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی بابەتی خەرجكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلا دەكاتەوە، كاتێك بڕیارە حكوومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆیی رادەستی عێراق بكات، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوولا گەیشتوون بە رێككەوتن لەوبارەیەوە.