دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران چاوەڕێی گەڕی دووەمی شەڕی ئیسرائیلە و دەڵێت ئەمە کۆتا شەڕ دەبێت

هەرێم نیوز

یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە پێدەچێت شەڕێکی دیکە لە نێوان حکومەتی ئێران و ئیسرائیل ڕووبدات، بەڵام “دوای ئەوە ڕەنگە شەڕێکی دیکە ڕوونەدات”.

ڕەحیم سەفەوی ڕۆژی یەکشەممە، سەبارەت بە دۆخی ئێستای دوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل وتی: ئێمە ئێستا لە ئاگربەستدا نین، لە قۆناغی شەڕداین و هیچ پرۆتۆکۆل و ڕێسا و ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمە و ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەنووسراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە سەربازی، سیناریۆسازی دەکەین، خراپترینی دەبینین و پلانێک بۆ ئەوە ئامادە دەکەین.

فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ڕاوێژکاری ئێستای ڕێبەری باڵای ئێران، هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکەی بە دڵنیایی زانیوە، هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە کە وەک شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاوەن ئەزموونی 40 ساڵ لەم بوارەدا، پێی وانییە شەڕێک لە ئارادایە. بەڵام ئەوانەی بەرپرسن لە شەڕ و لە هێزە چەکدارەکانن، نابێت پشت بەم قسەیە ببەستن و خۆیان هەمیشە لە ئامادەباشیدان.

دەشڵێت: "دەبێت وریا بین کەشی شەڕ دروست نەکەین، نابێت ڕێگە بدەین بیروڕای گشتی بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بهێڵێتەوە، پێش شەڕی 12 ڕۆژە، خۆم هەستم هەبوو کە دەکرێت شەڕ بە هۆی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە نزیک بێت، بەڵام ئێستا ئەو هەستەم نییە".

عێراقچی دەشڵێت: پێویستە وەڵامێکی دروست بۆ ئەم پرسیارە بدرێتەوە خەڵک بۆ ئەوەی هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ نەکەن و هەست بە بێخەمیش نەکەن، ئەگەری شەڕ هەمیشە بۆ هەموو وڵاتێک بوونی هەیە.

شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل کە بە شەڕی 12 ڕۆژە ناسراوە، شەڕێکی چەکداری بوو کە بە زنجیرەیەک هێرشی لەناکاوی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران دەستی پێکرد.

لەدوای ئاگربەستی نێوان لایەنەکانەوە، قسە و باس لە ئێران و ئیسرائیل لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ دروست بووە.

لە دوایین حاڵەتدا، میدیاکانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویان کردەوە کە لە دوای هەڕەشەکانی ئێران، سوپای ئیسرائیل بە نیازە پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکی خۆی بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نوێ خێراتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگری لە هەڕەشەکانی دوور لە سنوورەکان بکات.

پێشتر دێنیس سیترینۆڤیچ، بەرپرسی پێشووی بەشی ئێرانی لە بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل، وتی: ئەگەری ئەوە هەیە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نوێ سەرهەڵبداتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕەکە دەستبەجێ بە ئاستێکی زۆر بەرزی چڕ دەستپێدەکات.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل، کاربەدەستانی ئێران هەڕەشەیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە. ئەمیر حەیات موقەدەم، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاندووە: دەتوانین لە دەریاوە ئەمریکا بکەینە ئامانج.

وتیشی: ماوەی ٢٠ ساڵە سوپای پاسداران کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاوکاری کەشتییە ئێرانییەکان لە دەریاوە ئەمریکا بکاتە ئامانج، ڕەنگە ئێمە ئەم تەکنەلۆجیایەمان بەدەست هێنابێت.

حەیات موقەدەم وتی: لە ئێستادا هەموو وڵاتانی ئەوروپا لە مەودای ئێمەدان و بەو مووشەکانەی کە هەن دەتوانین هەموو ئەو وڵاتانە بپێکین. مووشەکەکانمان نەک تەنها دەگاتە فەرەنسا، بەڵکو دەگاتە ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەشێک لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش.

لە کاتێکدا تەنیا دوو هەفتە ماوە بۆ ئەوەی سێ وڵاتی ئەوروپی بڕیار بدەن کە ئایا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران چالاک بکەنەوە یان نا، ئەم هەڕەشانە دەتوانن کەشوهەوای ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئەوروپا پەرەپێبدەن.

ڕەنگە ئەم جۆرە لێدوانانە هەڵوێستی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەرامبەر بە ئێران ڕەقتر بکەنەوە و پاڵیان بنێن بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP