دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو سەردەمەی کە تاران چوار پایتەختی عەرەبی کۆنترۆڵ کردبوو، کۆتایی هات

هەرێم نیوز

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە جەختکردنەوە لەسەر کشانەوەی بەیروت لە "بەرەی مقاوەمە"، ڕایگەیاند کە هەپموونی بەربڵاوی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێان لە وڵاتانی عەرەبیدا بەرەو نەمان دەچێت.

سەلام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئێران "پێشتر شانازییان بە هەندێک بابەتەوە دەکرد، لەوانەش ئەوەی کە تاران چوار پایتەختی عەرەبی لەژێر دەستدایە؛ باوەڕم وایە ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە".

وتیشی: بڕیارەکانی لوبنان تەنیا لە بەیروت و لە کابینەی حکومەت دەدرێن، نەک لە هیچ شوێنێکی تر، کەس پێمان ناڵێت چی بکەین؛ نە لە تارانەوە و نە لە واشنتۆنەوە.

سەلام ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ بەیروت کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە توندی گلەییم کرد لەوەی ئێران ڕەخنەی لە بڕیاری حکومەتی لوبنان گرتووە بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، ئاگادارم کردەوە کە پەیوەندی هاوسەنگی نێوان وڵاتان، بەتایبەتی نێوان ئێمە و ئێران، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا بێت.»

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسوخواسی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەیروت بووە.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا، لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی ئێرانی لە دژایەتیکردنی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان شەرمەزار کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەبری دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، چارەسەری کێشەکانی گەلی ئێران بکات باشترە.

سەلام: تاران نابێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان بکات

سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا وتی: ئێمە هەرگیز ڕێگەمان بە خۆمان نەداوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران بکەین، من هەرگیز نەمگوتووە پشتیوانی لایەنێک لە ئێران دەکەم بەرامبەر بە لایەنێکی دیکە، هیچ لێدوانێک لەسەر کاروباری ناوخۆی ئێران نادەم، هیچ لێدوانێک لەسەر ستراتیژی بەرگری ئێران یان سیاسەتەکانی ناوخۆی ئێران نادەم.

سەلام داوای لە تاران و "هەر لایەنێکی دیکە" کرد کە خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان بەدوور بگرن.

دەشڵێت: بەداخەوە هەندێک کەس هەڕەشەیان لە حکومەت کرد، بە لاریجانیم وت کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

پێشتریش، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە دیدارێکدا لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، داوای دەستوەردان نەکردنی تاران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی کردبوو.

ڕۆژنامەی نەدا ئەلوەتەنی لوبنانی بە ئاماژەدان بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حکومەتی لوبنان، نووسیبووی وتووێژەکانی عەون و سەلام "زللەیەک بوو لە ڕووخساری" لاریجانی.

لوبنان و خۆپیشاندانی لایەنگرانی حیزبوڵڵا

لە کاتێکدا بڕیارەکەی حکومەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایی لایەنگرانی ئەو گرووپەی لێکەوتەوە، سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی لەسەر مافی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام وتی خۆپیشاندەران "نابێت ڕێگا سەرەکییەکان دابخەن، لەنێویاندا ئەو ڕێگایەی کە دەچێتە تاکە فڕۆکەخانەی لوبنان کە کاردەکات لە بەیروت".

سەلام وتی: سوپای لوبنان چەند هەوڵێکی بۆ داخستنی ڕێگای فڕۆکەخانە پووچەڵ کردۆتەوە.

سەلام لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا وەزیرە شیعەکان دوای بڕیاری چەکداماڵینی حیزبوڵڵا دەست لە حکومەت دەکێشنەوە، لە وەڵامدا وتی: حکومەت یەکگرتووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەر ٢٤ وەزیرەکەی لەسەر هەموو شتێک یەک بۆچوونیان هەبێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر لەسەر پرسێک نەگەینە کۆدەنگی، ناکۆکیەکان بە دەنگدان و میکانیزمی یاسایی تر چارەسەر دەکرێن.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەروەها دووپاتی کردەوە کە "هەبوونی چەک دەبێت بەتەنها لە دەستی حکومەتدا بێت".

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، بڕیاری حکومەتی لوبنانی بۆ چەکداماڵینی ئەو گرووپە بە “زۆر هەڵە” وەسف کرد و هۆشداری دا لەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە کە ئێران پشتیوانیی دەکات، دەتوانێت ببێتە هۆی “شەڕی ناوخۆ”.

ئاسۆی پەیوەندییەکانی بەیروت و دیمەشق

سەرۆکوەزیرانی لوبنان خۆشحاڵی خۆی بە گۆڕینی حکومەتی سوریا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی کاتی وڵاتەکە، ئەحمەد شەرع، ڕایگەیاندبوو، “ئێمە ماوەیەکی زۆرە بەدەست دەستوەردانەکانی سوریا لە کاروباری ناوخۆماندا دەناڵێنین”.

بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی حیزبوڵڵای لوبنان بکات، وتی، “هەروەها دەزانم کە ئەوان [گەلی سوریا] تووشی دەستوەردانی هەندێک لایەنی لوبنانی لە وڵاتەکەیان بوون”.

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی پێشتر بڵاویکردەوە، حکومەتی سوریا مۆڵەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی هەڵگری لاریجانی ڕەتکردووەتەوە کە ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP