دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد حسێن: ئەو كلتورە سیاسیەی لە بەغدادە كلتوری ناوەندێتیە

هەرێم نیوز 

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەو كلتورە سیاسیەی لە بەغدادە كلتوری ناوەندێتیە، رۆژانە لە بەغداد بەشێوەیەكی ناوەندی مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت، دەشڵێت، لێكگەیشتن هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغدادو چارەسەرەكە كاتیيە. 

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (شمس) رایگه‌یاندووە، عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، سیستمی فیدراڵی مانای دابەشكردنی دەسەڵات و سامان لەنێوان ناوەندو لایەنەكان، دژبەیەكیەكە لێرەدایە.

ئەو كلتورە سیاسیەی لە بەغدادە، كلتوری ناوەندێتیە، من رۆژانە لە بەغداد بەشێوەیەكی ناوەندی مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت. 

دەشڵێت، كورد لەسەر بنەمای دەستور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، دەستور نا ناوەندی و فیدراڵییە، لە بەغدادش پشتیان بە یاساكان بەستووە، زۆرینەی یاساكانیش یاسای كۆنن و ناوەندین. 

وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت، لێكگەیشتنێكی روون هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، چارەسەرەكە كاتیە، چارەسەری هەمیشەیی دەبێت لەڕێی یاسای نەوت و غازە بێت، ئەم چارەسەرە تا كۆتایی ئەم ساڵە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، لەڕووی دەستورییەوە، كاری بەغداد نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت و ئەوە كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم.

فوئاد حسێن جەختیشیکردەوە، ئەوەی بەغداد دەیكات دەستدرێژە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، دەبێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا رێكبرێتەوە.

وتیشی، ئەمریكا هەڵوێستی روونە لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان و كاتی خستنەڕووی یاسای حەشدی دروست نییە، من تاكە وەزیر بووم ئەمەم راشكاوانە وتووە، لە سۆنگەى بەرژەوەندی عێراقەوە، چونكە كاتەكەی گونجاو نییە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، باسی لەوەش کردووە، هێزی هاوپەیماننان لەسەر دوای عێراق هاتوونەتە وڵاتەكەمان، ئەگەر هاوپەیمانان نەبوایە، تائێستا داعش كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری خاكی عێراقی لەژێر دەستدابوو، هەڕەشەی لەسەر بەغدادو هەولێر دروست كردبوو.

وتیشی، ئێمە ئێستا لە گۆڕەپانی جەنگداین، كێ‌ بەرگری لە عێراق دەكات.

وتیشی، هێزمان هەیە بەڵام پێویستمان بە دۆستی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی پشتوانیمان بكات، هەروەك چۆن هاوكاری كردین و ئاگری جەنگی لێ‌ دروخستینەوە.

ناوبراو وتیشی، تائێستا لۆژیكی جەنگ زاڵە بەسەر ناوچەكەدا.

دوای جەنگی دوانزە رۆژە بۆ سەر ئێران، هەموان باس لە ئاگربەست دەكەن باس لە ئاشتی نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، راگرتنی ئاگربەست و ئاشتی دوو چەمكی جیاوازن، ئاگربەست مانای دۆخێكی كاتی و رەنگە سەرهەڵبداتەوە.

فوئاد حسێن وتیشی، هەڕەشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و بەرەوپێشنەچوونی دانوستانەكان، هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر ئێران زیادبونی فشارەكان، هەموو ئەمانە چاوەڕوانی خولێكی تری جەنگیان لێدەكرێت و ئێرانیش خۆی بۆ ئەمە ئامادەكردووە.

وتی، ناتوانین بەهێزی زبر عێراق بپارێزین، كاركردن لەڕێی هێزی نەرم و دیپلۆماسیەتەوە تاكە بژاردەی عێراقە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP