هەرێم نیوز
بارزانی لە یادی 79 ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی کردەوە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان و حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە؛ بۆیە پێویستە هەموو پارتییەکان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەکەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن کە خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستانە.
ئەمڕۆ شەممە، بارزانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 79یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان".
دەقی پەیامیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتاو نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو چینوتوێژ و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم.
دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستیەکی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستان لە بەرانبەر پیلانی نەیار و داگیرکارانی کوردستان کە بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە هەوڵی شکاندنی ئیرادە و بێدەنگکردنی خەباتی گەلی کوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان.
لە یادی شازدەی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جەخت لەوە دەکەینەوە پارتی لە هەموو قۆناغەکاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵترکردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێکەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکانی مێژووی سیاسیی کوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.
هەروەها پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە کە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاکانی گەلی کوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەکان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەکەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن کە خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەکان دەکەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونکە، پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێزە.
مسعود بارزانی
16ـی ئابی 2025