دواین هەواڵ

جیهان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

لێدوانی ترەمپ و پوتین دوای کۆبونەوەی لوتکە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، بە كەناڵی "فۆکس نیوز"ی وت: بەپێوەری لە یەكەوە بۆ دە، دە لە دە بە كۆبونەوەكەم دەدەم لەگەڵ پۆتین.

دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ پۆتین دانوستانم کرد لەسەر چەند پرسێک لەوانە، ناتۆ، رێوشوێنە ئەمنییەکان و خاک، پێموایە ئێمە زۆر لە رێککەوتن نزیک بووینەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد، رێککەوتن بكات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا .

ترەمپ لەوباریەوە رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت رازی بێت، رەنگە رازی نەبێت، ئامۆژگاری من بۆ زيلينسکی ئەوەیە رێککەوتن ئەنجام بدات.

هاوکات، ڤلادیمێر پوتن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "زیاتر لە چوار ساڵە لوتکەی ڕوسیا و ئەمریکا ئەنجام نەدراوە و ئەوەش ماوەیەکی زۆرە، ماوەی ڕابردو بۆ پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لەڕادەبەدەر قورس بوە، ڕاشکاوانە بڵێم لەدوای جەنگی ساردەوە بۆ نزمترین خاڵی دابه‌زیوه‌".

سەرۆکی ڕوسیا جەختی لە پێویستی بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیه‌كی نوێ له‌نێوان ڕوسیا و ئەمریکا کردەوە و دەستپێکردنەوەی هاریکارییەکان و ڕایگەیاند، "بەگشتی گرنگ و پێویستە بۆ هەردو وڵاتەکەمان (ڕوسیا و ئەمریکا) لاپەڕەکە هەڵبگێڕنەوە و دەست بە هاریکارییەکان بکەنەوە".

پوتن هەروەها ئاماژەی بە گرنگی هاوکارییەکانی ڕوسیا و ئەمریکا کرد لە جەمسەری باکور و وتی، "پێدەچێت هاوکاری لە جەمسەری باکور و زیندوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمەکان، لەوانەش نێوان ڕۆژهەڵاتی دورمان و کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا، گرنگییەکی سەرەکییان هەبێت".

سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەوەکردەوە کە ڕوسیا و ئەمریکا شتێکیان هەیە بۆ پێشکەشکردنی یەکتر لە بوارەکانی بازرگانی و وزە و تەکنەلۆژیا و بۆشایی ئاسمان.

وتیشی، "ڕونە کە هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنانی ڕوسیا و ئەمریکا توانایەکی گەورەی هەیە، ڕووسیا و ئەمریکا شتێکیان هەیە بۆ پێشکەشکردنی یەکتر لە بوارەکانی بازرگانی، وزە، دیجیتاڵکردن، تەکنەلۆژیای پێشکەوتو و گەڕان بەدوای بۆشایی ئاسماندا".

دیدارەکەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا و ئەمریکا لە بنکەی سەربازی ئێلمندۆرف-ریچاردسۆن بەڕێوەچو، کە پوتن و ترەمپ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە گفتوگۆیان ئەنجامدا.

لایەنی ڕوسیا بە نوێنەرایەتی یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆک کۆماری و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و ئەندرێ بیلۆسۆڤ وەزیری بەرگری و ئەنتۆن سیلوانۆڤ وەزیری دارایی و کیریل دیمیتریڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هاوکاری ئابوری و وەبەرهێنان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامدرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP