دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

زیلینسکی پەیمانێکی توند بۆ پوتن دەنێرێت

هەرێم نیوز 

سەرۆکی ئۆکرانیا جارێکی دیکە داواکارییەکەی بۆ سەپاندنی سزای توندتر بەسەر ڕوسیادا دوپاتکردەوە، ئەگەر کۆبونەوەیەک لە نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکانی ئەمریکا و ڕوسیادا ئەنجام نەدرێت، یان ئەگەر مۆسكۆ هەوڵی خۆدزینەوە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ بدات.

ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، لە گفتوگۆکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ ترەمپ، دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەیدا بە ترەمپی وتوە "سزاکان ئامرازێکی کاریگەرن".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە سزاکان توندتر بکرێن، ئەگەر کۆبونەوەی سێقۆڵی ئەنجام نەدرێت یان ئەگەر ڕوسیا هەوڵی خۆدزینەوە لە کۆتاییهێنانێكی ڕاستگۆیانە بە جەنگ، بدات".

لەلایەکی دیکەوە، زێلێنسکی پێشتر داوای پێدانی گەرەنتی ئەمنی متمانەپێکراو و درێژخایەنی بە وڵاتەکەی کرد لەلایەن ئەوروپا وئەمریكاوە. جەختی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی کیێڤ کردەوە لە هەمو دانوستانەکانی پەیوەستن بە چارەنوسی وڵاتەكەوە، بەتایبەتی لە پرسەکانی پەیوەست بە خاکەوە.

پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبو، سەرۆکی ئۆکراینا ڕۆژی دوشەممە سەردانی واشنتن دەکات و ئەگەر بە "گرێبەستەکە" ڕازی بێت، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە پوتن پێشنیاری کردبێت، ئەوا لوتکەیەکی سێقۆڵی (ڕوسی، ئەمریکی، ئۆکراینی) ئەنجام دەدرێت.

لەکاتێکدا كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرملین) نکۆڵی لەوەکرد کە لە میانی ئەو لوتکەیەی لە ئالاسکا لە نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و ڕوسیادا بەڕێوەچو، باس لەم بابەتە کرابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP