هەرێم نیوز
سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە دابەشبوونی سووریا نادات و هەموو هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ دابەشکردنی سوریا شکستپێدەهێنن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا رایگەیاند: ئەوانەی داوای دابەشبونی سوریا دەکەن، لەڕووی سیاسییەوە نەزانن و خەون دەبینن، زۆرجار بیرۆکەی خەوناوی لایەنگرەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبات، جەختیشدەكات لەوەی، فاکتەرەکانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لە سوریادا بوونیان نییە و، نزیکە لە مەحاڵ.
شەرع، لەمیانی دانیشتنێکی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیرو ئەکادیمی و سیاسەتمەدارو ئەندامانی سەندیکا پیشەیی و کەسایەتییەكانی پارێزگاری ئیدلب، جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوەو ئەگەری دابەشکردنی وڵاتەکەی رەتکردەوەو رایگەیاند: فاکتەرەکانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لە سوریادا بوونیان نییە و نزیکە لە مەحاڵ.
وتیشی: من مەترسی دابەشبوون لە سوریا نابینم، لەناو هەندێک کەسدا خواستێک هەیە بۆ دابەشکردنی سوریا، هەوڵی دروستکردنی کانتۆنی خۆجێی و ناوخۆیی دەدات، بەڵام لەڕووی لۆژیکی و سیاسی و نەتەوەیی و هزرییەوە، ئەمە مەحاڵە.
راشیگەیاند: ئەوانەی داوای دابەشبونی لە سوریا دەکەن لەڕووی سیاسییەوە نەزانن و خەون دەبینن، زۆرجار بیرۆکەی خەوناوی لایەنگرەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبات.
ئاماژەی بەوەشکرد:پشتبەستنی هەندێک لایەن بە هێزی هەرێمایەتی، وەک ئیسرائیل، زۆر قورسە، ناوچەی باشور دانیشتووانی چڕو پڕە و هەر دوژمنێک هەوڵی چوونە ژوورەوەی بدات، ناچار دەبێت پۆلیسێک لە دەرگای هەموو ماڵێکدا دابنێت، ئەمەش لە واقیعدا قورسە.
سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیداش، وتی: دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پێشێلکارییان ئەنجامداوە.