هەرێم نیوز
کەمێک پێش ئێستا هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا گەیشتنە ئەلاسکا و بەڕێکەوتن بۆ هۆڵی کۆبوونەوە.
كەمێك پێش ئێستا فڕۆكە تایبەتەكانی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن گەیشتنە ئالاسكا و سەرۆكی ئەمریكا لە بنكەی ئاسمانی ئێلمێندۆرفی ئالاسكا پێشوازی لە سەرۆكی ڕوسیا كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرێملین)، چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامن لە میانی گفتوگۆکانی ئەلاسکادا، کە پێشبینی دەکەن لانیکەم 6 بۆ 7 کاتژمێر بخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ و پوتن لەكۆبونەوەكەدا باسی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن، جگە لە دۆسیەکانی بازرگانی و هاوکاری ئابوری و ئاسایشی جیهانی. هەروەها دوای كۆبونەكە هیچ بەیاننامەیەکی هاوبەش دەرناکرێت.
کۆشکی سپییش لە زاری گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، پلانەکەی رابردوو گۆڕانکاری بەسەرداهات کە بڕیاربوو دۆناڵد ترەمپ، کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ پوتن ئەنجامدا، بەڵکو یاریدەدەرە باڵاکانیشی یاوەریی دەکەن و بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەوانانی راگەیاندووە، ترەمپ بە یاوەری مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتى ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەشداری کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ پوتن دەکەن.