هەرێم نیوز
لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا هەڕەشەی چالاککردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەکەن، بەرپرسێکی باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی هۆشداری دا کە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ببێتە هۆی مەترسی بۆ مانەوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو بەرپرسەی ئێران وتی: حکومەتی ئێران نە توانای دارایی هەیە و نە توانای سەربازی تاوەکو بەرگەی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت، ئەم دۆخە خەڵک دەگەڕێنێتەوە سەر شەقام و ڕەنگە ئەمجارە شتەکان جیاواز بن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم سزایانە تەنانەت لە شەڕ وێرانکەرترن”، ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی داوای لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کردووە، ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان پێش ئەوەی درەنگ بێت”.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، پەیامێکی ڕوون بە بەرپرسان گەیاندووە: “پێیان وتراوە هەرچییەک لە توانایاندایە بیکەن، چونکە هەمووان دەزانن مەرجەکان وەک 10 ساڵ لەمەوبەر نییە کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا”.
ئەمڕۆ چوارشەممە ، ڕۆژنامەی فەینانشناڵ تایمز ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەڕەنسا، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییان داوە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە ناو دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە، ئامادەن میکانیسمی سناپ بەک چالاک بکەنەوە.
بە پێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 2015 پەسند کراوە، هەر کام لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، دەتوانن لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک، هەموو ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی دوای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، بگەڕێننەوە سەر ئەم وڵاتە.