دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا و زلهێزانی ئەورووپا هۆشداری دەدەنە ئێران

هەرێم نیوز

سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ چالاککردنی میکانیسمی سناپ بەک و گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ، ڕۆژنامەی فەینانشناڵ تایمز ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەڕەنسا، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییان داوە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە ناو دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە، ئامادەن میکانیسمی سناپ بەک چالاک بکەنەوە.

بە پێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 2015 پەسند کراوە، هەر کام لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، دەتوانن لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک، هەموو ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی دوای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، بگەڕێننەوە سەر ئەم وڵاتە.

لە بەرانبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاندووە "ئێستا کاتی ئەوەیە گەمارۆ نامرۆڤانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە دژی ئێران، وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بناسرێن" و جەختی کردووەتەوە گەمارۆ ئابوورییەکان بوونەتە جێگرەوەی جەنگ.

سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، پێشتر تا کۆتایی مانگی ئاب مۆڵەتیان بە ئێران دابوو بگەڕێتەوە ناو دانوستانە ئەتۆمییەکان و هۆشدارییان دابوو ئەگەر ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دڵنیایی نەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئامادەن میکانیسمی سناپ بەک چالاک بکەنەوە.

ئەم سێ وڵاتە تا 18ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەرفەتیان هەیە میکانیسمی سناپ بەک چالاک بکەنەوە و ئەگەر تا ئەو کات لایەنەکانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی میکانیسمەکە ڕێک نەکەون، مافی چالاککردنەوەیان نامێنێت.

جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئەم سێ وڵاتە، مانگی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو ئەگەر ئێران دڵنیایی بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکاتەوە، ماوەی چالاک کردنەوەی میکانیسمەکە درێژ بکەنەوە، بەڵام ئێران ئەم پێشنیارەی ڕەت کردبووەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP