دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە، بەڵام بەشی بۆمبی ئەتۆمی ناکات

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی بۆ “چەند ساڵێک” دواخستووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تاران هێشتا 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەبەردەستدایە، بەڵام بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناکات.

نەتانیاهۆ هێرشەکانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بە “ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی” وەسف کرد و سەبارەت بە یۆرانیۆمی تاران وتی: پێشوەختە دەمانزانی کە ئەو یۆرانیۆمە لەناو ناچێت، بەڵام بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەس نییە.

جەختی کردەوە: هەمیشە بۆ هەوڵی ئێران، بەتایبەت هەوڵی ئەو وڵاتە بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئامادەین.

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە بریتی بووە لە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و ئیسماعیل هەنیە و محەمەد ئەلزەیف و برایانی سنوار. وتیشی: ئێمە ئێرانمان تێکشکاند، کە دەیویست بە بۆمبی ئەتۆمی ئیسرائیل لەناوبدات و دوو هەڕەشەی گەورەی وجودیمان لەناوبرد.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەم ماوەیەدا و ئاماژەی بە هاوکارییەکانی پێشووی سەبارەت بە “رێککەوتنەکانی ئیبراهیم” و هاوکارییەکانی ئێستای دژ بە ئێران کرد. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران وتی: ئێمە بە ڕەزامەندی یان بەبێ ڕەزامەندی ئەو کارەمان دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا هاوکاری دۆناڵد ترەمپمان بەدەستهێنا. دەشڵێت: “خۆشبەختانە سەرۆکێکمان هەیە کە زۆر هاوسۆزە... بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەبێ گوێدانە ئەو درا، چونکە ئەمە بابەتێکە کە زۆر لە لە گیانماندایە”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP